عێراق دەچێتە ریزى ئەو وڵاتانەى سزا لەسەر جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکاندا دادەنێت

لیژنەى تەندروستیی ئەنجومەنى نوێنەران نزیکبوونەوەى دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسایەکى پەیوەست بە جگەرە و نێرگەلەکێشان رادەگەیەنێت کە چەندین بڕگەى سزا بەرامبەر سەرپێچیکاران لەخۆدەگرێت، لەوانەش کێشان لە شوێنە گشتییەکاندا.

ماجد شەنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان کار لەسەر ژمارەیەک پرۆژەیاساى گرنگى پەیوەست بە تەندروستى دەکات، لەوانەش هەموارى یەکەم یاساى ریشەکێشکردنى هۆشبەر و کارتێکەرە عەقلییەکان.

وتیشى، “یاساى بەرەنگاربوونەوەى جگەرەکێشان و پاراستنى کۆمەڵگا لە زیانەکان گەیشتووەتە داڕشتەى کۆتایى، بەرزدەکرێتەوە بۆ لیژنەى تایبەتمەند بۆ وردبینیی یاسایى و زمانەوانى، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەنگدان لەسەرى لە هەفتەى داهاتوو”.

یاساکە باج و سزا لەخۆدەگرێت، هەروەها رێگرى دەکات لە فرۆشتنى جگەرە بە کەسانى خوار تەمەن 18 ساڵان، سەرەڕاى رێگرى لە کێشانى نێرگەلە و جگەرەى ئەلیکترۆنى لە شوێنە داخراوەکان و دامەزراوە حکومییەکان، شەنگالى واى وت.

بەپێى ورده‌كاریی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساکە، ئه‌گه‌ر له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان جگه‌ره‌ بكێشیت، به‌ 50 هه‌زار دینار سزا دەدرێیت، هەروەها سزاى فرۆشتنى جگەرە بە کەسانى خوار 18 ساڵ بە شەش مانگ زیندانى یاخود پێبژاردنى 250 هەتا 500 هەزار دینار دیاریکراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share