کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئامێرێکی یاریکردنی بچووکی خستووەتەڕوو، کە دەتوانرێت لەناو گیرفان یان لەگەڵ کلیلەکانت هەڵیبگریت و بچووکترین جۆری یارییە ئەلیکترۆنییەکانە لە جیهاندا، ئەگەری هەیە لە بازاڕی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەنگدانەوەی گەورەی هەبێت و کێبڕکێی توندی یارییە بەناوبانگەکانی وەک پلەیستەیشن بکات.
یارییە ئەلیکترۆنییەکە پارچەیەکی بچوکە، قەبارەکەی هێندەی پوولێکی پۆستە دەبێت و لەلایەن دوو ئەندازیارەوە دروستکراوە کە لە کۆمپانیایەکی داهێنەری یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا کاردەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە گۆڤاری دەیلی مەیل بڵاویکردووەتەوە، ئەو یارییە نوێیە ناوی (Thumby)یە، لەبەرهەمی کۆمپانیای (تاینی سێرکیوتس)ە و بارەگاکەی لە ئوهایۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
یارییە نوێیەکە پێنج یاریی پێشتری تێدایە کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکراون و بڵاوبوونەتەوە، ئەوانیش وەکو یاریی (Tetris) و یاریی (Snake).
ئەوانەی ئامێرە نوێیەکە بەکاردەهێنن، دەشتوانن هەر یارییەک بیانەوێت لە ئامێرەکەدا جێگیری بکەن، دەشتوانن لەگەڵ بەکارهێنەرانی دیکەی ئامێرەکە بەهاوبەشی یاریبکەن.