حكومەتی هەرێم لەسەر هێنان و نرخی بەنزین ڕوونكردنەوە دەدات

حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هاتنی بەنزیكەی بەغداد لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەبێتە زیاتر لە یەك ملیۆن و دەشڵێت، هیچ زیادكردنێك ناكاتە سەر نرخەكەی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوێنێ بڕی 540 هەزار لیتر بەنزین گەیشتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا ئەو بڕە بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەبێت.

هاوكات لە زاری فەتاح ڕەحمان حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، بەغداد ڕۆژانە 540 هەزار لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکات و ئەم بڕەش لە 1ی تشرینی دووەمەوە دەبێتە دوو هێندە، واتە دەبێتە ملیۆنێک و 80 هەزار لیتر بەنزین لە ڕۆژێکدا.

ڕوونیشیدەكاتەوە، بەپێی ڕێككەوتنێكی پێشتری نێوان وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم و وەزیری نەوتی عێراق دەبوو ناردنی ئەو بەنزینە بەردەوام بێت، بەڵام لە 30ی ئەیلول تا 23ی تشرینی یەكەم هیچ لیترە بەنزینێک نەنێردرا و ئەمەش هۆکاربوو بۆ کەمى بەنزین و گرانبوونى بەهاکەى.

لەبارەی شێوازی دابەشكردنی ئەو بەنزینەی ئێستا بەغداد دەینێرێت بەرپرسەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وتی، “پێنج تەنکەری بۆ هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و سێ تەنکەری بۆ پارێزگای دهۆک و دوو تەنکەریشی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت و هەر تەنکەرەى 36000 لیتر بەنزینى جۆرى نۆرماڵە و ئەگەر بەنزینى هاتوو گەیشتە ملیۆن و هەشتا هەزار لیتر ئەوكات ئەم بڕەی پارێزگاکان دەبێتە دوو هێندە”.

بەوپێیە لەئێستادا ڕۆژانە بڕى 180 هەزار لیتر بەنزین دەگاتە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و 108 هەزار لیتر دەگاتە پارێزگاى دهۆک و 72 هەزار لیتریش بۆ پارێزگاى هەڵەبجە دەبێت.

لەسەر نرخى ئەو بەنزینەش ئاماژەی بەوەكرد، نرخى هەر لیترێكی بە 650 دینارە لە پاڵاوگەکان و نرخى کرێى گواستنەوە و کۆگاکردن و پشکنین و عمولە و چەند وردەکارییەکى دیکەى 40 دینارە، هەر بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان بێ هیچ زیادەخستنەسەرێک بە 690 دینار لە نێو بەنزینخانەکان دەیفرۆشێتەوە بە هاوڵاتیان.

بەنزینەكە بەشێوەیەکى دادپەروەرانە و بە نۆرە دابەش دەکرێتەسەر بەنزینخانەکان و لە هەر بەنزینخانەیەکیش فەرمانبەرێکى سامانە سروشتییەکان چاودێرى دابەشکردن و جۆر و بڕ و بەهاکەى دەکات تا “بەهیچ شێوەیەک پێشێلکارییەکى تێدا نەکرێت بەرامبەر بە هاوڵاتیان”، وەك ئەوەی فەتاح ڕەحمان ڕوونیكردەوە.

بابەتی پێشتر

یارییەکی ئەلیکترۆنیی بچووک ڕکابەری پلەیستەیشن دەکات

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: زەمینە لەبارە وەک کورد خۆمان ڕێکبخەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share