كۆمسیۆنی ئەوروپا ڕەتیدەكاتەوە پارە بۆ پەرژینی ڕێگری لە كۆچبەران تەرخانبكات

یەكێك لە كەمپەكانی كۆچبەران لە یۆنان فۆتۆ: فرانس پرێس

سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، یەكێتیی ئەوروپا پارە بۆ “پەرژینی تەلبەند و دیواربەند” لەسەر سنوورەكانی بۆ ڕێگری لە كۆچبەران تەرخان ناكات، وەك ئەوەی پێشتر 12 وڵات و لەنێویشیاندا لیتوانیا و نەمسا داوایانكردبوو.

ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا لە كۆتایی لوتكەی 27 وڵاتەكەی ئەوروپا لە برۆكسل وتی، ماوەیەكی زۆرە هەڵوێستێكی هاوبەشی كۆمسیۆن و پەرلەمانی ئەوروپا هەیە دەربارەی تەرخاننەكردنی هیچ پارەیەك بۆ پەرژینی تەلبەند و دیواربەند.

پێشتر لیتوانیا پەرژینێكی تەلبەند بەدرێژایی سنوورەكانی لەگەڵ بیلاڕوسیا دروستكرد بۆ وەستاندنی شەپۆلی كۆچبەران، كە حكومەتەكەی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ بە پلانبۆداڕشتنی تۆمەتبار دەكرێت.

گیتاناس ناوسیدا، سەرۆكی لیتوانیا ڕۆژی هەینی لە برۆكسل ڕایگەیاند، “ئەم جۆرە ڕێوشوێنە گرنگیی زۆری هەیە لەماوەی نزیكدا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو گرفتەدا”، مەبەستی شەپۆلی كۆچبەرانە.

لە 7ی ئەم مانگە 12 وڵاتی یەكێتیی ئەوروپا لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی كۆمسیۆنی ئەوروپایان كرد، داوای خەرجكردنی پارەیان لە یەكێتییەكە كرد بۆ بونیادنانی دیواربەندێك بەئامانجی ڕێگری لە كۆچبەرانی نایاسایی.

لە نووسراوێكیشدا ڕایانگەیاند، دروستكردنی دیواربەندێكی كاریگەر خزمەت بە كۆی یەكێتیی ئەوروپا دەكات، نەك تەنها وڵاتانی داواكار.

بابەتی پێشتر

ڕێكخراوێكی تەندروستی بەستنەوەی مووچە و وەرگرتنی ڤاكسین بە بڕیاری بەعسییانە وەسفدەكات

بابەتی دواتر

چارەنووسی یارییەكەی بەرازیل و ئەرجەنتین بەچی گەیشت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share