وەزارەتی كارەبا لە بڵاوكردنەوەی گرتەی دەستكاریكردنی پێوەری زیرەك نیگەرانە

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان نیگەرانە لەوەی كەسانێك لە سۆشیال میدیاوە دەستكاریكردنی پێوەری زیرەك بڵاودەكەنەوە، دەڵێت، هەردەستكاریكردنێك دیار و ئاشكرایە و سزاشی بەدواوەیە و تێچووی پێوەرەكە و چاككردنەوەشی لەئەستۆی هاوبەشەكەیە.

وەزارەتی كارەبا لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “پێوەری زیرەك بە یەكێك لە سەركەوتووترین پرۆژەكانی كارەبا دادەنرێت و بە كوالێتییەکی بەرز و بەپێی ئەزموونی چەندین وڵاتی بیانی تاقیكراوەتەوە و چەندین سوودی بۆ هاوڵاتیان هەیە”.

دەشڵێت، بەڵام جێگای داخە كەسانێك بە مەرامی خراپ پڕوپاگەندەی دوور لە ڕاستی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەكەنەوە و بەئەنقەست دەستكاریی پێوەرەكانیان دەكەن.

بۆیە وەزارەتی كارەبا هۆشداریی دەدات و دەڵێت، “ئەو هاوبەشانەی كارەبا ئاگاداردەكەینەوە كە سەرپێچی لەسەر پێوەری زیرەک ئاشکرایە و وێڕای گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و سزای دارایی سەرپێچیكاران كە بە ئەنقەست دەسكاریی پێوەرەكە بكەن و بیشێوێنن، دەبێت تێچووی پێوەرەكە و چاككردنەوەشی لەئەستۆ بگرن”.

ڕوونیشیكردووەتەوە، پێوەرەكە بێبەرامبەر بۆ هاوبەشان بەستراوە و لەكاتی هەر هەڵەیەكی تەكنیكی یان گرفتێك، وەزارەتی کارەبا خەرجییەكانی لەئەستۆ دەگرێت، بەپێچەوانەوە هاوبەشەکە دەبێت تەواوی تێچووی چاككردنەوە و دانانی پێوەرێكی دیكە، جگە لە سزادانی دارایی، ئەو تێچوونەش لەئەستۆ بگرێت.

بابەتی پێشتر

ترەمپ بەڵێنەكەی بردەسەر.. تۆڕێكی كۆمەڵایەتیی نوێ دروستدەكات

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە گرێبەستی فاتی دریژكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share