وتووێژەكان لەبارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی پێنجشەممەی داهاتوو دەستپێدەكاتەوە

گەڕی پێشوو ئەنجامەكانی ئەرێنی نەبوو

بڕیارە دووسبەی پێنجشەممە وتووێژەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان تایبەت بە زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەستپێبكاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی ئێرانی هەواڵەكەی بڵاوكردەوە و دەڵێت، وتووێژی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئێران بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ڕۆژی پێنجشەممە لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ئاژانسەكە عەلی باقری كنی، گەورەی وتووێژكارانی ئێران پرسی وادەی دەستپێكردنەوەی وتووێژەكانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئینركی مورا، ڕێكخەری یەكێتیی ئەوروپا یەكلاكردووەتەوە.

چەند ڕۆژی ڕابردوو گەڕی حەوتەمی گفتوگۆکانی ڤیەننا بە بەشداری یەکەم شاندی ‏حکومەتی نوێی ئێران دەستیپێکردەوە، قسە لەسەر ئەوە هەبوو كە ئێران ڕەزامەندیی ‏نیشانداوە بە مەرجدارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەبەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکانی ‏سەر وڵاتەکەی، بەڵام پێدەچێت دواتر ڕەوشەكە گۆڕابێت.‏

لەچوارچێوەی گەڕی حەوتەمی دانوستانەكاندا، كە ڕۆژی هەینی كۆتایی هات، گفتوگۆی ‏ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەبوو، جگە لە دانوستانە ڕاستەوخۆكانی ئێران و ‏وڵاتانی دیكەی بەشدار لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە.‏

وڵاتانی ئەوروپا ڕەخنە لەو مەرجە نوێیانە دەگرن کە دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی ‏جەختیان لێدەکاتەوە. ‏

لەبارەی ئەو وتووێژانەوە بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکات، ڕایگەیاند، ئێران پێشتر لەو ‏پێشنیازانەی بۆیکرابوو لەلایەن وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەننا، تائاستێک سازشی ‏نیشاندابوو، بەڵام ئێستا لەوانە پاشگەزبووەتەوە. ‏

ئەوەشی وت، ئێران دەستیکردووە بەخێراکردنی چالاكییەكانی ‏بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەشێوەیەکی ئیستیفزازی.‏

ساڵی 2015 ئێران و وڵاتانی زلهێز ڕێككەوتنێكیان بەناوی “ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی” واژووكرد وەك هەوڵێك بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر پەرەپێدانی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران، دەستكەوتی تاران لەو ڕێككەوتنە ئەوەبوو سزاكان لەسەری هەڵبگیرێن.

ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ تاكلایەنانە لە ڕێككەوتننامەكە كشایەوە و سزای ئابوریی زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش وڵاتەكەی تووڕە و وڵاتانی ئەوروپای نیگەران كرد.

ڕاگرتنی گفتوگۆكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا، لەلایەك دۆخی ئابوریی ئێرانیان خراپكرد، لە لایەكی تریشەوە تارانیان خستە دۆخێكەوە كە هەوڵی زیاتر بدات لەپێناو برەودان بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی و یۆرانیۆمی زیاتری پیتاند، كە خۆرئاوا دەڵێت نزیكبووەتەوە لە ڕادەی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی.

دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەكە، ئێران پەرەی دا بە چالاكی و كارە ئەتۆمییەكانی و یۆرانیۆمی تا ڕێژەی 60% پیتاند، لەكاتێكدا شارەزایان دەڵێن گەیشتن بە قۆناغی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، پێویستی بە یۆرانیۆمی تا ڕێژەی 90% پیتێندراوە.

ئێران دەیەوێت لەم گەڕەی وتووێژەكاندا هەموو سزاكانی ئەمریكا لەسەری هەڵبگیرێن، بەڵام ئەمریكا و ئەوروپا ئەوە بە ئەستەم دەبینن و ئەمریكا دەڵێت ئەگەر وتووێژەكان شكستبهێنن، سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

بابەتی پێشتر

له‌ پردێ شه‌ش كاتیۆشا ئاڕاسته‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ كران

بابەتی دواتر

نرخى نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رزبووه‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share