وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، نووسراوێکی ڕەسمیی حکومەتی عێراقی فیدراڵیان سەبارەت بە راگرتنی پلاتفۆرمی تێلێگرام بەدەست گەیشتووە.
بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوە، لە نووسراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە کە بڕیارەکە بریتییە لە ڕاگرتنی کاتیی پلاتفۆرمەکە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاسایی و وتاری توندوتیژی و ڕق و کینە کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، هاوکات مۆڵەتی 30 ڕۆژیش بە کۆمپانیای بەڕێوەبەری تێلێگرام دراوە تاوەکو پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی حکومەتی عێراق بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە چوارچێوەی ئەو نووسراوەدا، داواکارییەکەی حکومەتی فیدراڵی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو بەپێی یاسا و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کاری پێویست ئەنجام بدەن.