تاڵیبان بۆ ژنانی وڵاتەکەی: نە کار نە خوێندن و تەنانەت نابێت بچنە ناو پارکەکانیش

لە دوایین بڕیاردا بزوتنەوەی تاڵیبان چوونە پارک و هۆڵە وەرزشییەکان و گەرماوە گشتییەکانی لە ژنانی وڵاتەکەی قەدەغەکرد، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، کە مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان ڕەنگە ببێتە تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

لە ڕاپۆرتیدا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان نێردەی ڕێکخراوەکە راپۆرتی خۆی سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان و مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە خستە ڕوو و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا تاڵیبان دەیکان بەرامبەر ژنان ئەگەری هەیە ببێتە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و چەوساندنەوەی ژنان.

ریچارد بێنیت و شارەزایانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە دەڵێن، ئەو مەرجانەی تاڵیبان لەسەر ژنانی وڵاتەکەی دایدەنێت دەکرێت ببێتە تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە ئامانجکردنی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤە کە رەنگە بگاتە پێشێلکاریی جێندەری.

ئاماژە بەوەشکراوە کە گۆشەگیرکردنی ژنان لە ماڵەکانیاندا یەکسانە بە زیندانیکردنیان و پێدەچێت ببێتە هۆی زیادبوونی ئاستی توندوتیژیی خێزانی و ئاستەنگەکانی تەندروستی دەروونی.

لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە مانگی ئابی ساڵی 2021 لەلایەن تاڵیبانەوە یاساکانی بەرامبەر ژنانی ئەو وڵاتە تادێت توندتر دەکات، پێشتر کارکردنی لە دەرەوە بۆ ژنان قەدەغەکرد، دواتر خوێندن و ئێستاش بە دوایین بڕیار چوونە پارک و یانە وەرزشییەکانی قەدەغەکرد، تەنانەت لەکاتی چوونیان بۆ شوێنەگشتییەکان دەبێت “نیقاب” بپۆشن.

بابەتی پێشتر

بریندارێکی دیکەی تەقینەوەکەی دهۆک گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

مۆندیال لە "هەینیی رەش"ی بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share