بڕیارە ئەمڕۆ دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی بەڕێوەچێت، پارێزەرێكی کەیسی زیندانیكراوانی بادینانیش دەڵێت، بەهۆی ئەوەی هیچ تاوانێکیان لە ئەستۆ نییە، چاوەڕێدەکرێت بڕیاری ئازادکردنیان دەربچێت.
ئاسۆ هاشم، ئەندامی تیمی پارێزەرانی زیندانیكراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە دادگاییكردنی هەریەكە لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی بەرێوەدەچیت، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بە ماددەی 1/ یەكەم لە یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2003 زیندانیكراون.
ئەو تۆمەتەی پێی دادگاییدەكرێن، تێكدانی ئارامیی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ تاوانێکیان لەئەستۆ نییە چاوەڕێدەکرێت ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنیان دەربچێت ئەگەر دانیشتنەكە دوانەخرێت”.
ئەو پارێزەرە دەربارەی هۆكاری دواخستنی دانیشتنی دادگاییكردنی دەستگیركراوانی بادینان، دەڵێت، “ئەگەر هۆكارەكان یاسایی بن ئاساییە، بەڵام ئەمەی ئێستا دەكرێت دەستیدەستیپێكردنە”.
تا ئێستا 16 زیندانیكراوی بادینان دۆسیەكانیان لە ئاسایشەوە براونەتە دادگا بەڵام چەند جارێك دانیشتنی دادگاییكردنی بەشێكیان بەهۆی گۆڕینی لیژنەی دادوەرییەوە دواخراوە.