محەممەد سەڵاح ئامادەیی دەربڕیوە بۆندەکەی لەگەڵ لیڤەرپوڵ نوێبکاتەوە، بەڵام داوای بەرزترین موچەی کردووە.
بەڕێوەبەرانی لیڤەرپوڵ پڕۆسەی نوێکردنەوەی بۆندی یاریزانە گرنگەکانیان بە مەرج و موچەی نوێ دەستپێکردووە، هەر لەو چێوەیەشدا محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی ناویهاتووە.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی نوسیویەتی، بۆندی “فرعەونە میسڕییەکە” تاوەکو 2023 بەردەوامی دەبێت، ئەگەر لەم وەرزەدا واژوو لەسەر بۆندێکی نوێنەکات، هاوینی 2022 هەر یانەیەکی داواکار دەتوانێت بە کەمتر لە 100 ملیۆن گواستنەوەی پێبکات.
بەڕێوەبەرانی “ڕێدز” داوایان لە سەڵاح کردووە گرێبەستەکەی بە موچە و مەرجی باشتر نوێبکاتەوە، لەبەرامبەردا یاریزانەکە داوای موچەی هەفتانەی بەبڕی 500 هەزار پاوەند کردووە، واتا لە وەرزێکدا 30 ملیۆن یورۆ (بەپێی بۆندە کۆنەکەی 10 ملیۆن بەدەستدەهێنێت).
میدیاکان پێشبینیدەکەن بەڕێوەبەرانی لیڤەرپوڵ بەو داواکارییە قایلنەبن، چونکە سیستمی موچەی یانە سوورەکە تێکدەدات.