وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، کۆمپانیای لوکئۆیڵی رووسی نامەیەکی ئاگادارکردنەوەی بۆ ناردووە و وتوویەتی پشکەکانی لە کێڵگەی نەوتی قورنە2 دەفرۆشێت بە کۆمپانیا چینییەکان.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەردوو کۆمپانیاکانی بی پی بەریتانی و لوکئۆیڵی روسی پشکەکانیان لە عێراق دەفرۆشن، هۆکاری فرۆشتنی پشکەکانیش لەلایەن ئەو دوو کۆمپانیایەوە بۆ لاوازی ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراق گەڕاندووەتەوە.
بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، کۆمپانیای بی پی بەریتانی لە کێڵگەی نەوتی رومەیلا لە بەسرە دەکشێتەوە.
فرۆشتنی پشکەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق هەر ئەم دوو کۆمپانیایە نییە و کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل-ی ئەمریکیش دەیەوێت پشکەکانی لە کێڵگەی نەوتی قورنە 1 ی رۆژئاوا بفرۆشێت بە بەهای زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار کە ئەو نرخە بە بۆچوونی ئیحسان عەبدولجەبار “زۆر هەرزانە”، لە بەرامبەریشدا کۆمپانیای نەوتی باشوور لە بەسڕە بیر لە کڕینی دەکاتەوە.
كۆی داهاتی عێراق لە هەناردەی نەوتی خاو بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو زیادیكردووە، سەرەڕای تاڕادەیەك سەقامگیری هەناردە بەراورد بە مانگەكانی پێشوو.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كۆی داهاتی هەناردەكردنی نەوت لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 6.1 ملیار دۆلار، بەراورد بە مانگی ئایار، كە 5.8 ملیار دۆلار بووە، زیادیكردووە.
زیادبوونی داهات لە سایەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاوە لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر زێڕی ڕەش و كەمكردنەوەی كۆتوبەندەكانی تایبەت بە كۆرۆنا لە زۆرێك لە بازاڕەكانی جیهاندا.