ئابوریی عێراق هەڕەشەیە بۆسەر ڕێککەوتنی ئۆپیک+

لۆگۆی ڕێکخراوی ئۆپیک

ئەگەری داڕمانی ئابوریی عێراق، مەترسییە لەسەر ڕێکخراوی ئۆپیک، کە هەوڵدەدات بۆ پارێزگاریکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، چونکە هەندێک لە بەرپرسانی عێراقی لە حکومەت دەیانەوێت بڕێکی زیاتری نەوت بفرۆشرێت ئەم هەنگاوەش ئەگەری هەیە کۆتایی بە ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس بهێنێت.

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەم لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، “لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەرهەمهێنەرێکی گرنگی وەکو عێراق ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس پێشێل بکات، دەوڵەتانی دیکەی بەرهەمهێنەریش دەیانەوێت هەمان شت دووبارە بکەنەوە”.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق سێیەم سەرچاوەی گەورەی نەوتە لە جیهاندا، ئێستا وڵاتەکەی ڕوبەڕووی مەترسی داڕمانی ئابوری بووەتەوە لەداوی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە و خواست لەسەر نەوت کەمبووەوە لە جیهاندا بەمەش نرخی نەوت دابەزی، ئەم قەیرانە کاریگەری کردووەتە سەر ئابوریی عێراق تا ئاستێک حکومەت توانای دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی حکومی نییە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەمەش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستییان پێکردووەتەوە.

ئاژنسەکە دەڵێت، “ئەم بارودۆخە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراقی لەنێوان داواکاری هاوڵاتییانی توڕە و بەڵێننامەی وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپیک هێشتووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی فرۆشتنی نەوت”.

“ڕێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت قورسایی ئابوری و سیاسی لەسەر عێراق دروست کردووە، ئەمەش هۆکارە بۆئەوەی نەتوانێت پابەندبێت بە ڕێککەوتنی ئۆپیک+” ڕاپۆرتەکە وادەڵێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسە ئەمریکییەکە، “بەهۆی ئەوەی عێراق یەکێکە لە پێنج دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئۆپیک پێناچێت پێشێلکاری لە ڕێککەوتننامەکەدا بکات، لە حاڵەتێکی لەوجۆرەدا سعودییە دەتوانێت بە سەرکەوتووی بەردەوامیی بە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بدات بۆ ڕاگرتنی نرخی نەوت.

بلومبێرگ لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە ئاشکرایکردووە، “بەرپرسانی عێراق لەبەرامبەر پابەندبوونیان بە ڕێککەوتننامەکە فشار لە سعودیە دەکەن کە هاوکاری دارایی عێراق بکەن، ئەگەر نرخی نەوت تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2021 نەگاتە 45 دۆلار.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە نرخەکەی بەرزبوونەوەی تۆمارکرد بە بەراورد بە مانگەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەجۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوت لە ئێستادا لەنێوان 42 بۆ 45 دۆلاردایە، لەکاتێکدا لە مانگی نیساندا نرخەکەی گەیشتە 20 دۆلار.

ئەم دابەزینە زۆرەی نرخی نەوت بۆ عێراق کارەساتی ئابوری دروستکرد، چونکە بودجەی ساڵانەی وڵاتەکە بە ڕێژەی %90 پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستێت.

عێراق پێویستی بە نزیکەی 4.5 ملیار دۆلار هەیە، بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینی و خەرجییەکانی دەوڵەت.

بابەتی پێشتر

عەبادی وەڵامی كتێبەكەی بارزانی دەداتەوە

بابەتی دواتر

پەیامی سەرۆكایەتیی یەكێتی بۆ یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share