برێکست: هەموو ئەوەی پێویستە لەبارەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بیزانیت

یەکێتیی ئەورووپا درێژکردنەوەی دوا وادەی برێکستی تا ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پەسەندکرد. ئەو کەسانەی کە تا ئێستا بەدوای کونوکەلەبەری برێکستەوە نەبوون، ئەم بابەتە ڕووماڵی خاڵە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی دەکات.

برێکست چییە؟
برێکت چوونە دەرەوەی بەریتانیایە لە یەکێتیی ئەورووپا.

یەکێتیی ئەورووپا چییە؟
یەکێتییەکی ئابووری و سیاسییە کە ٢٨ وڵاتی ئەورووپی لەخۆدەگرێت. ڕێگە بە بازرگانی و جووڵەی ئازادی هاووڵاتییان دەدات لە هەر وڵاتێک پێیان خۆشە بژین و کار بکەن.

بەریتانیا لە ساڵی ١٩٧٣ چووە یەکێتییەکەوە (ئەوکات بە کۆمەڵەی ئابووریی ئەورووپی ناسرابوو). ئەگەر بەریتانیا یەکێتییەکە بەجێبهێڵێت، دەبێتە یەکەم دەوڵەت کە تا ئێستا لە یەکێتییەکە چووبێتە دەرەوە.

بۆچی بەریتانیا یەکێتیی ئەورووپا بەجێدەهێڵێت؟
سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر بەجێهێشتن یان مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦ ڕیفراندۆمێک ڕێکخرا.

بەپێی ڕیفراندۆمەکە، سەدا ٥٢% دەنگیان بە بەجێهێشتن و ٤٨%ـیش دەنگیان بە مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا دا. ئاستی دەنگدانی ڕیفراندۆمەکە زۆر بەرز بوو؛ ٧٢%ـی بەریتانیا، کە زیاتر لە ٣٢ ملیۆن خەڵک دەکات، دەنگیان دابوو. ١٧.٤ ملیۆنیشیان دەنگی بە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتییەکە دابوو.

بۆچی برێکست هێشتا ڕووی نەداوە؟
لەڕاستیدا، دەبوو برێکست لە ٢٩ی ئازاری ٢٠١٩ ڕووبدات. ئەمەش دوو ساڵ دوای ئەوە بوو کە تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا ماددەی ٥٠ـی خستەگەڕ -کە پرۆسەی فەرمیی چوونەدەرەوەیە لە یەکێتییەکە- و هەموو دانووستانەکانی ڕەتکردەوە.

لە ماوەی حوکمڕانیی تێرێزا مەی، دوو جار کۆتاوادەی برێکست دواخراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەندامانی پەرلەمان ڕێککەوتنی برێکستەکەی ‘تێرێزا مەی’ـیان ڕەتکردەوە، لە کۆتاییدا دواخرا بۆ ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩.

سەرەڕای دانوستانی ڕێککەوتنێکی پێچەوانە، بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیران کۆتاوادەی ڕێککەوتنەکەی لەدەست دەچێت. لەبەرئەوەی یەکێتیی ئەورووپا قایلبوون بە درێژکردنەوەی کۆتاوادەی ڕێککەوتنەکە تا ٣١ی کانوونی دووەم.

درێژکردنەوەی ئەمدواییانەی کۆتاوادەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا نەیانتوانی ڕێککەوتنە نوێیەکەی برێکست لە یاسادا جێگیر بکەن.

بۆچی پەرلەمان ڕێککەوتنی برێکستەکەی ‘تێرێزا مەی’ ڕەتکردەوە؟
خاڵی سەرەکیی ئەوەی کە زۆرینەی ئەندامەکانی پارتی پارێزگاران لە پەرلەمان و پارتی یەکێتیخوازیی دیموکرات (هاوپەیمانیی کۆنەخوازەکان لە پەرلەمان) برێکست ڕەتدەکەنەوە، حاڵەتی ڕیزپەڕی کۆماری ئێرلەندایە.

حاڵەتەکە ڕیزپەڕەکە ئەوەیە لەدوای برێکستەوە هیچ خاڵێکی پشکنین یان بەربەستێک لەنێوان ئێرلەندای باکوور و کۆماری ئێرلەندادا نەبێت.

ئەگەر ئەو حاڵەتە ڕیزپەڕە پێویستی بکردایە، ئەوا بەریتانیاشی لە پەیوەندییەکی بازرگانیی نزیک لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەهێشتەوە و خۆی لە هەر پشکنینێکی هەردوولا لادەدات.

بەڵام زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان ڕەخنەیان لەم باسە گرت. دەیانوت ئەگەر ئەم حاڵەتە ڕیزپەڕە هەبێت، ئەوا بەریتانیا بۆ چەندین ساڵی دیکە گیرۆدە دەبێت. ئەمە ڕێگریی لە وڵات دەکات ڕێککەوتنی بازرگانیی گرنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەبێت.

دژوەستانەوەی پەرلەمان لە هەمبەر ئەم ڕێککەوتنە، گەیشت بەوەی تێریزا مەی دەست لەکار بکێشێتەوە.

ڕێککەوتنی نوێی برێکست چییە؟
دوای ئەوەی بۆریس جۆنسن لە حوزەیرانی ٢٠١٩ بووە سەرۆکوەزیران، دووبارە دانوستانی لەسەر بەشەکانی ڕێککەوتنەکە کرد.

حاڵەتە ڕیزپەڕەکانی ڕێککەوتنەکە بە هەندێک پرۆسە و ڕێکاری دیکە جێی گیرایەوە. هەرکات برێکست ئەنجامدرا، بەریتانیا دەتوانێت ڕێكکەوتنە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان واژۆ و جێبەجێ بکات.

پلانە تازەکراوەکە، مامەڵە و سنووری نوێ لەنێوان باکووری ئێرلەندا و بەریتانیادا دروستدەکات. واتە هەندێک لەو شتومەکانەی لە بەریتانیاوە دەچنە باکووری ئێرلەنداوە، دەبێت باجی هەناردەکردنی یەکێتیی ئەورووپای لەسەر بدرێت.

ئەمەش دەبێت دووبارە باجی لەسەر بدرێتەوە لە باکووری ئێرلەندا (ئەگەر بۆ کۆماری ئێرلەندا نەگوازرێتەوە).

ڕێککەوتنەکانی دیکەش، زۆربەی وەکو ئەو بەندانەی ڕێککەوتنە دەمێنێتەوە کە تێرێزا مەی دانوستانی لەسەر کردوون. ڕێککەوتنەکە کە بە ڕێککەوتنی پاشەکشێ ناسراوە، ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دەگرێتەوە:

  • مافی هاووڵاتیانی یەکێتیی ئەورووپا لە بەریتانیا و هاووڵاتیانی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا
  • هەروەها بڕی ئەو پارەیەی دەبێت بەریتانیا بیدات بە یەکێتیی ئەورووپا (بە ٣٩ ملیار پاوەندی بەریتانی مەزەندە دەکرێت)

هەروەها گۆڕانکاری بەسەر ڕاگەیاندنی سیاسیشدا هاتووە، کە پلانی پەیوەندیی دوورمەودای نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا دادەڕێژێت. دەوترێت ئەمە بەند دەبێت بە ڕێککەوتنی ئازادانەی بازرگانییەوە.

بۆچی ڕێککەوتنی نوێی برێکست پەسەند نەکراوە؟
بۆریس جۆنسن هەوڵیدا لە ١٩ی ئۆکتۆبەردا ڕێککەوتنە دەستکاریکراوەکە پێشکەش بە پەرلەمان بکات. بەهەرحاڵ دانگدانی لەسەر نەکرا. ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا تێکڕا دەنگدانەکەیان لەسەر ڕێککەوتنەکە دواخست، تا پرۆژەیاسای پێویست بۆ جێگیرکردنی چوونەدەرەوەکە لە یاسایی بەریتانیا تەواو دەبێت.

واتە دەبوو جۆنسن نامەیەک بۆ یەکێتیی ئەورووپا بنێرێت و داوای دواخستنێکی دیکەی جێبەجێکردنی برێکست بکات. سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەورووپاش داواکەیان پەسەندکرد، واتە برێکست تا ٣١ی کانوونی دووەم دوادەخرێت.

بەریتانیا دەتوانێت پێش دواوادە نوێیەکە لە یەکێتیی ئەورووپا بچێتە دەرەوە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت. لە کاتێکدا بەیاساکردنی برێکست لە پەرلەماندا یەکەم بەربەستی تێپەڕاندووە، حکوومەت ڕاییکردنی کارەکانی وەستاندووە.

ئەی هەڵبژاردنێکی پێشوەخت چی؟
بۆریس جۆنسن دەیەوێت هەڵبژاردنێکی گشتی ئەنجام بدرێت، بە هیوای بەدەستهێنانی کورسیی زیاتر بۆ پارتی پارێزگاران، بۆ ئەوەی کارەکانی ڕێککەوتنەکە ئاسانتر ڕایی ببێت.

بەڵام ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە، بەلای کەمەوە پێویستی بەوەیە دوولەسەرسێی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندی بکەن. سەرەڕای سێجار هەوڵدانی یەکلەدوای یەکی جۆنسۆن، لە بەدەستهێنانی پاڵپشتیی تەواو بۆ هەڵبژاردن شکستیهێنا.

بەهەرحاڵ، هەوڵی چوارەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن سەرکەوتوو دەبێت، دوابەدوای ئەوەی پارتی کار ڕایگەیاند پاڵپشتیی هەڵبژاردنەکەی مانگی دیسەمبەر دەکات، لەدوای دوایین درێژکردنەوەی وادەی برێکست.

ئایا نەبوونی ڕێککەوتنێک لەسەر برێکست کێشە دروستدەکات؟
ئەگەر بەریتانیا بەبێ ڕێککەوتنێک یەکێتیی ئەورووپا جێبهێڵێت، یەکێتیی ئەورووپا دەکەوێتە دانانی خاڵی پشکنین و گومرگ لەسەر شتومەکی بەریتانی، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە شەووڕۆژێکدا لە بەڕێوبەرایەتیی گومرگی یەکێتییەکە و بازاڕێکی هاوبەشدا دەچێتە دەرەوە.

ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردن لە بەندەرەکانەوە، بۆ نموونە بەندەری دۆڤەر. هەندێك کەسی دیکە لەوە دەترسن ببێتە هۆی زۆربوونی هەناردەکردن و کەمبوونەوەی هاوردەکردن، یان بە پێچەوانەوە، کە گرفت بۆ ڕێڕەوی گواستنەوەی شتومەک و ئابووری دروست دەکەن.

لەپاڵ دابەزینی خێرای نرخی پاوەند، برێکست کار لە نرخ و بەردەستبوونی هەندێک خواردنیش دەکات. هەروەها خەمی ئەوەش هەیە کە دەرمانیش کورت دەهێنێت و کەمدەکات.

بۆریس جۆنسن هەوڵیدا ئەم ترس و خەمانە بڕەوێنێتەوە، ڕایگەیاند ٢.١ ملیار پاوەندی زیادەی ئامادەکردووە، مەبەستی ئامادەکاریکردن بۆ هەر لێکەوتەیەکی ئەم حاڵەتە.

هەندێک پاڵپشتیکەری برێکست دەڵێن، زەحمەتە بتوانرێت بەوردی پێشبینی ئەوە بکرێت چی ڕوودەدات، یان باوەڕ بەوە بێنین گرفتە ئابوورییەکان، گرفتی کورتمەودا و لاوەکی دەبن. بەڵام ئەگەر بەپێی ئەزموون و وتەی زۆرینەی ئابووریناس و بزنسناسەکان بێت، ئەوا نەبوونی ڕێککەوتن نابێتە هۆی کێشە و زیانی ئابووری.

بابەتی پێشتر

زۆرترین گەڕان لە گووگڵدا لە ساڵى 2019 سەرسووڕهێنەرە

بابەتی دواتر

برێکست: هەموو ئەوەی پێویستە لەبارەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بیزانیت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share