باڵیۆزخانەی وڵاتان نیگەرانن.. دوو ڕۆژە لە عێراق چی ڕودەدات؟

خۆپیشاندان لە عێراق – فۆتۆ: ئەی ئێف پی

لە ئەنجامی پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای واست باشووری عێراق، ژمارەیەك خۆپیشاندەر کوژران و برینداربوون، باڵیۆزخانەی دوو وڵاتیش لە عێراق سەركۆنەی بەكارهێنانی توندوتیژی دژبە خۆپیشاندەران دەكەن.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانس و میدیا عێراقییەكان، پاش ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەم، خۆپیشاندەرێك لە شاری كوت-ی پارێزگای واست ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، وەك ناڕەزایەتییەك لە پەلامارەكانی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

لەپاش ئەو ڕوداوەش هێزە ئەمنییەكانی شارەكە قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاند.

لەلایەكی دیكەوە لە هەمان پارێزگا دوو خۆپیشاندەر لەكاتی ڕوبەڕوبوونەوە و پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، كوژران.

شایەتحاڵەكان و سەرچاوەیەكی پزیشكی بە ئاژانسی ئانادۆڵویان وتووە، “ئەو دوو خۆپیشاندەرە لە ئەنجامی ئەوەی ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی بەرگریی شارستانی بەسەریاندا ڕۆشتووە و شێلاونی گیانیان لەدەستداوە”.

ئەوەش ئاشكراكراوە، لە هەمان خۆپیشانداندا، بەهۆی بۆمبێكی فرمێسكڕێژەوە خۆپیشاندەرێكی دیكە كوژراوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران دەکات

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکانی شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقاری کرد.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئەمشەو 28ی تشرینی دووەم، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی شاری ناسڕییەی کرد و ڕایگەیاند، “ئەم توندوتیژییە ناڕەوایە جێگەی لە دیموکراسیدا نییە”.

لە پەیامەکەدا ھاتووە، “ئەمریکا ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی لە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی ئەمڕۆی ناسڕییە و زیقار دەکات، ئەم توندوتیژییە ناڕەوایە جێگەی لە دیموکراسیدا نییە، ئەمریکا لەپاڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بانگھێشتی پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران و ئەوانی دیکە و سزادانی بەرپرسیاران لەلایەن حکومەتەوە دەکات”.

باڵیۆزی بەریتانیا: کوشتنی خۆپیشاندەران لە عێراق ھیچ پاساوێکی ھەڵناگرێت

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕایگەیاندووە، ئیدانەی ئەو توندوتیژییە دەکات کە دژبە خۆپیشاندەران لە شاری ناسڕیە و شارەکانی دیکەی عێراق ئەنجامدراون.

ستفین ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەم، سەبارەت بە ڕودانی توندوتیژی و ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و خۆپیشاندەران لە پارێزگای زیقار، باشووری عێراق نوسیوویەتی، “ئیدانەی ئەو توندوتیژییە دەکەم کە دژبە خۆپیشاندەران لە شاری ناسڕیە و شارەکانی دیکەی عێراق ئەنجامدراون”.

باڵیۆزی بەریتانیا ڕاشیگەیاندووە، “کوشتنی خۆپیشاندەران لە شاری ناسڕیە یان شارەکانی دیکەی عێراق ھیچ پاساوێکی ھەڵناگرێت، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم کە گیانی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان بپارێزێت و دادپەروەری بۆ قوربانییانی خۆپیشاندانەکانیش بەدی بھێنێت”.

هۆكاری ئاڵۆزییەكان چی بوو؟

ئەم پێشھاتانەی چەند پارێزگایەكی عێراق، دوای ئەوە ھات، ئێوارەی دوێنێ هەینی، لەمیانی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسڕیە ناوەندی پارێزگای زیقار، ڕوبەڕوبوونەوە و پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و خۆپیشاندەران ڕوویدا و بەپێی دوایین ئامارەکان كە بەشێك لە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە، پێنج کەس کوژراون و 86 کەسی دیکەش برینداربوون کە پێنجیان کارمەندی هێزە ئەمنییەكانن.

دوای ئەو ڕوداوانە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی زیقار، حازم وائیلی لە پۆستەکەی، ھەروەھا بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە.

هەنگاوەكانی كازمی جێی ڕەزامەندی نەبوون و داوای دەستلەكاركێشانەوەی لێدەكرێت

خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی حبوبی لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا داوایان كرد حكومەتەكەی كازمی دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات.

لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەم، خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار ڕایانگەیاندووە، “ئێوارەی دوێنێ ناسڕیە كوشتارگەكەی زەیتونی ساڵی پاری یاد كردەوە، كە دەیان خۆپیشاندەر بە گولە كوژران و سەدانی دیكەشیان بریندار و كەمئەندامبوون”.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، “لەو بارودۆخە خەمناكەی یادكردنەوەی قوربانییانی ساڵی پار، تووشی شۆك بووین بەوەی میلیشیاكانی سەربە ڕەوتی سەدر بە هەموو جۆرەچەكێكەوە هەڵیانكوتایە سەر خۆپیشاندەران، كە دانیان بە تاوانەكانیان ناوە لە ڕێی ڕاگەیەندراوێكەوە، هەروەها هەستان بە سوتاندن و تێكدانی سەرجەم خێوەتەكانی گۆڕەپانەكە بەبێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت، ئەوەش بووە هۆی شەهیدكردن و برینداركردنی سەدان كەس”.

خۆپیشاندەران لەو ڕاگەیەندراوەدا دەڵێن، “ئەو كوشتارگەیە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراوە بەبێ ئەوەی ڕۆڵ بگێڕن بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی حبوبی، وەك بڵێی ڕێككەوتن لەنێوان هەردوو لایەندا كرابێت”.

خۆپیشاندەران داواش لە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق دەكەن، “گیانی خۆپیشاندەرانی گەنجان بپارێزێت و سزای ئەو میلیشیایانە بدات كە ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە”.

هەروەها لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكەدا داوا دەكەن، حكومەتەكەی كازمی دەستلەكاربكێشێتەوە بەهۆی “ئەو شكستە گەورەیەی لە پاراستنی ناوبانگی دەوڵەت و پارێزگاری لە گیانی میلەتەكەی هێناویەتی”.

بابەتی پێشتر

ئێڤه‌رتۆن 0-1 لیدز یونایتد

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ)  ڕیاڵ مه‌درید سێیه‌م دۆڕاندنی لالیگای تۆمارکرد و له‌ پله‌ی چواره‌مدا جێگیربوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share