كەمبوونەوەی ئاو و بەدخۆراكی و لەناوچوونی گیانداران.. جیهان لەبەردەم كارەساتدایە

وشكبوونەوە و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هەڕەشە لە جیهان دەكەن

كەمبوونەوەی ئاو و ئاوارەبووان و بەدخۆراكی و لەناوچوونی چەند جۆرێكی گیاندار و ڕووەكەكان، هەموو ئەمانە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا كە بێگومان دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەو ژیانەی ئێستا ئێمە لەسەر هەسارەی زەوی پێی ئاشناین، لەماوەی 30 ساڵدا یان پێشتر، بەپێی ئەو ڕەشنوسی ڕاپۆرتەی لەلایەن شارەزایانی ئاووهەوای سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەكراوە.

چەندێك كەمكردنەوە لە دەردراوە گازییە گەرمەكاندا هەبێت، كاریگەرییە تێكدەرەكەی قەتیسبوونی ئاووهەوا لەسەر سروشت و مرۆڤایەتی بەردەوامی دەبێت، بەپێی دەستەی حكومیی نیودەوڵەتی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووهەوا كە لە ڕاپۆرتەكەیدا جۆرێك لە بێئومێدی زۆر هەیە، سەرەڕای هیوا دەربارەی ئەگەری گۆڕینی چارەنووسی دانیشتووانی هەسارەكە لەڕێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا و بنەڕەتی.

پوختەی ڕاپۆرتەكە كە لە 137 پەڕەدا جێی كراوەتەوە تیایدا هاتووە، “ژیان لەسەر زەوی دەشێت ببوژێتەوە لەڕێی گۆڕانێكی گەورەی ئاووهەوا بە گواستنەوە بۆ جۆری نوێ و بونیادنانی سیستمی ژینگەیی نوێ.. بەڵام مرۆڤایەتی ئەو توانایەی نییە”.

ڕاپۆرتەكە هەڵسەنگاندنی تەواوی دۆخەكەی لە چوار هەزار پەڕەدا جێكردووەتەوە، كە زۆر ڕەشبینانەترە لە ڕاپۆرتی پێشوو كە لە ساڵی 2014 بڵاوكرایەوە و، تایبەتە بە كۆكردنەوەی زانیاری تا لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری سیاسی بدرێت.

بەڵام بەر لە كانونی دووەمی 2022 و ڕەزامەندی كۆی 195 دەوڵەتە ئەندامەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوناكرێتەوە. لەكاتێكدا هەندێك لە زانایان ئەم وادەیە بە زۆر دواكەوتوو دادەنێن بەراورد بەو كۆبوونەوە نێودەوڵەتییە گرنگەی دەربارەی ئاووهەوا و جۆراوجۆری زیندەیی كە لە كۆتاییەكانی2021دا ئەنجامدەدرێت.

گریتا تۆنبرێگ، چالاكوانی سویدی پێیوایە ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكە جیهان دەخاتە بەردەم “ڕوبەڕوبوونەوەی دۆخەكە”.

وتیشی، “خراپتر ئەوەیە ڕێگربین لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڕاستەقینە و هەوڵ بۆ كەمبایەخكردنی بدەین لەڕێی وتنی: دۆخەكە باشە، نیگەران مەبن.. یان ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ، لەكاتێكدا ئەوە درۆیە”.

جیهان لەڕێی واژووكردنی ڕێككەوتنی پاریس دەربارەی ئاووهەوا لە ساڵی 2015 بەڵێنی كەمكردنەوەی گەرمبوونی ئاووهەوای دا بۆ كەمتر لە دوو پلەی سەدی یان تەنانەت 1.5 پلە بەراورد بە سەردەمی بەر لە شۆڕشی پیشەسازی.

ماوەی 10 ساڵە بەربەستی دوو پلە بە پەسەندكراو دەزانرا، بەڵام لەئێستادا دەستەی حكومیی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووهەوا كە ڕاپۆرتەكەی ئامادەكردووە پێیوایە تێپەڕاندنی 1.5 پلەی سەدی “بەشێوەی پلەبەند، كاریگەری دژواری بەدرێژایی چەند سەدەیەك دەبێت، كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت پاشەكشەی لێبكرێت”.

پێشتر ڕێكخراوی جیهانیی كەشناسی ئاماژەی بەوەدا كە بەڕێژەی 40% ئەگەری هەیە بەربەستی 1.5 پلەی سەدی لەسەر بنەمای ساڵانە بە گەیشتنە ساڵی 2025 تێبپەڕێندرێت.

“ڕۆڵەكانمان و نەوەكانمان”
دەستەكە ڕونیدەكاتەوە، “خراپتر بەڕێوەیە، كاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆڵەكانمان و نەوەكانمان دەبێت زیاتر لەوەی لەسەر ژیانی ئێمە دەیبێت”، لەكاتێكدا درككردن بە گرفتی ئاووهەوا لەئێستادا زیاترە لە هەر كاتێكی ڕابردوو.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی بە 1.1 پلەی سەدی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە، مەترسییەكانی لەئێستاوە بەدەركەوتوون، زیاتریش دەبێت تەنانەت ئەگەر دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بوەستێندرێت. ئەو لایەنانەنش كە كەمترین بەرپرسیارێتی ئەم دەردراوانەیان لەئەستۆدایە، زۆرتر دەناڵێنن.

پێشبینیش دەكرێت هەلەكە بۆ هەندێك لە گیاندار و ڕووەكەكان بەسەرچوبێت. ڕاپۆرتەكە دەڵێت، “تەنانەت لەگەڵ 1.5 پلەی سەدی، دۆخی ژیان دەگۆڕێت بە تێپەڕاندنی توانانی هەندێك لە بونەوەرەكان لەسەر خۆگونجاندن”، ئاماژەشی بۆ جۆرە گیانەوەری (الشعاب المرجانیة- Coral reefs) كرد كە نیو ملیار كەس پشتی پێدەبەستێت.

Coral reefs

لەنێو ئەو جۆرانەی دیكە كە بەهەمان شێوە لەژێر هەڕەشەدان، گیاندارەكانی جەمسەری باكوورە كە پلەی گەرماكەی سێ ئەوەندە خێراتر لە ئاستی ناوەند بەرزدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوبردنی شێوازی ژیانی ئەو كەسانەی پەیوەندیدار بە بەستەڵەكی ناوچەكە دەژین.

س: فڕانس پڕێس + ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

عێراق هەڕەشەی گواستنەوەی هاوبەشانی كۆڕەك تیلیكۆم بۆ سەر كۆمپانیاكانی دیكە دەكات

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) فەرەنسا و پۆرتوگال و ئەڵمانیا گەیشتنە 16ی یورۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share