ئالێگری: سەرسامم بە گواردیۆلا و ئەوەی زێدان بە کاسیمێرۆی دەکات ماستەر کلاسە

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، ڕاهێنەری پێشووی یانەکانی میلان و یوڤانتۆس چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئەنجامدەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە لەوەڵامەکانیدا ئاماژە بە تاکتیکی زینەدین زێدان دەکات, بەتایبەت شێوە یاریکردنی بە کاسیمێرۆی بەرازیلی و چەندین بابەتی دیکە ئاشکرادەکات.

لە ٢٠١٩وە لەدوای یوڤانتۆس کاری ڕاهێنانت نەکردووە، لەو کاتەوە چیت کردووە؟

لەو ماوەیەدا باترییەکانم بارگاوی دەکردەوە و لەگەڵ خێزانەکەم و هاورێیانی ژیانم لە لیڤۆرنۆی زێدی خۆم کاتێکی خۆشم بەسەربرد.

داهاتووی خۆت لەگەڵ یانەیەکی ئیتاڵی دەبینیتەوە، یان هەر یانەیەکی دیکە؟

گرنگی بەوە نادەم لە چ شوێنێک دەستپێدەکەمەوە، من بەدوای یانەیەکدا دەگەڕێم پڕۆژەی هەبێت و خەونی چنینەوەی نازناوەکان بێت.

حەزدەکەیت لە خولی ئیسپانیا “لالیگا” چانسی خۆت تاقیبکەیتەوە؟

کەسێک هەیە خاوەن هزری دروستبێت و بڵێت، نەخێر؟ هیچ کەسێک نییە.

پێنج نازناوی سکۆدیتۆت لەگەڵ یوڤی بەدەستهێنا، تا چەند پێتوایە ئەم یانەیە لە سەرکەوتنەکان بەردەوام دەبێت؟

بونیادی پێکهاتەی یوڤی بۆ بردنەوە پاشان بردنەوە کراوە، لەبەر ئەو هۆکارەیە پێموایە چەندین ساڵی دیکەش بەردەوام دەبن.

بەڕای تۆ کەی میلان دەبێتەوە بە پاڵەوان، یان پاڵێوراوی نازناوەکان؟

بەداخەوە، پێموایە هێشتا ڕێگەیەکی دوورودرێژیان لەبەردەمدایە بۆ گەڕانەوە لوتکە، میلان پێویستی بە بەهێزتربوون و بەردەوامبوونە لەسەر پڕۆژەکەی، گۆڕانکاری بەردەوامی پێکهاتە و ڕاهێنەر ڕێگەت پێنادات بەخێرایی ئەو هەنگاوە بنێیت.

پێتوایە لاوتارۆ مارتینێز ئەو خەسڵەتانەی تێدابێت بۆ یانەیەکی وەک بەرشلۆنە یاریبکات؟

درێسی بەرشلۆنە کێشی قورسە و هەر یاریزانێک پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات پێویستە خاوەن خەسڵەتی ناوازە و کەسایەتی بەهێزبێت، لاوتارۆ هەموو ئەو خەسڵەتانەی تێدایە، لەئێستادا بەباشترین شێوە بۆ ئینتەر یاریدەکات، با بزانین لە داهاتوودا دەتوانێت لە کامپ نو هەمان ئاست پێشکەشبکات.

جیاوازی سەرەکی و دیاری نێوان لالیگا و سیریا ئەی لەچیدایە؟

سەرەڕای ئەنجامی یارییکردن، لە لالیگای ئیسپانیا تاموچێژی زیاتر لە یاریدەکرێت، یانەیەک گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە یاریی خۆی دەکات وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت، لەلایەکی دیکەوە لە ئیتاڵیا خۆشەویستی زیاتر و گرنگیدان بە وردەکارییە تاکتیکییەکان بوونی هەیە، بەشێوەیەکی گشتی ئەقڵ بەسەر دڵدا زاڵە.

پێتوایە یاریکردنی ئیتاڵیا قورسترە؟

بەڵێ، هۆکارەکەش پێشتر ئاماژەم بۆکرد، لە ئیتاڵیا یاریزان سەربەستی تەواویان پێنادرێت و ناتوانن تاموچێژ لە هەست و شێوە یاریکردنی تایبەتی خۆیان وەربگرن، ئەوەش بۆ یاریزانان قورسە.

بۆچی یوڤانتۆس نەیتوانیوە ئاستی ناوخۆیی بۆ خولی یانە پاڵەوانەکان بگوێزێتەوە؟ لە ساڵی ١٩٩٦وە نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستنەهێناوە..

لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا هاوڕانیم، لەچەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی باشیان نا، بە دوو فاینەڵی خولەکە گەیشتن و چەندینجاریش بە ئەنجامی گوماناوی لە خولەکە کرانە دەرەوە.

کریستیانۆ دەتوانێت چەند وەرزی دیکەش لە یوڤانتۆس بەردەوامبێت؟

بەڵێ، بە دڵنیاییەوە بەڵێ.

یوڤانتۆس بەهۆی کریستیانۆوە کوالیتی بەرزبووەتەوە؟

بەڵێ، بەبێ هیچ گومانێک وایە.

چ ڕاهێنەرێکی ئیسپانی سەرسامی کردوویت، یان کارکردنی بەلای تۆوە نایابە؟

بێگومان گواردیۆلا، هەروەها لویس ئینریکی.

چ شتیكی زێدان بەلاتەوە سەرنجڕاکێش بووە ؟

ئەو هێز و کاریزمایەی هەیەتی لە بەدەستهێنانی هاوسەنگی لەنێوان ئەزمونداران و وزەی بەهرەداران، بەنسبەت منەوە تەرخانکردنی ڕۆڵی کاسیمێرۆ و بەکارخستنی بەو شێوەیەی ئێستا دەبینرێت داهێنانێکی ماستەرکلاسە لەلایەن زیزۆوە.

ئەی چی لەبارەی سیمیۆنییەوە؟

لە بونیادی پەیوەندی دۆستانەی کۆمەڵەی یاریزانان و خۆیدا بێوێنەیە، دیێگۆ و پێکهاتەکانی هەمیشە قەوارەیەکی قورس و لەهەمان کاتدا ناوازەبوون، نازانم لەئێستادا ڕاهێنەرێک هەیە بتوانێت ئەوە بکات کە ئەو کردویەتی؟

چەندینجار بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە بەستراویتەوە، هێشتا ئەو چانسە ماوە؟

دوو ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی لەنێوانماندا هەبوو، بەڵام هیچ شتێک ڕووینەدا، چونکە من بۆندم لەگەڵ یانەی یوڤانتۆس هەبوو، سەرەڕای ئەوەش پەیوەندییەکی دۆستانەی ئەخلاقیم بە یانەکەم و هاندەرانەوە هەبوو.

بابەتی پێشتر

ڕیبیچ: ئێبرا ڕابەرمانە و بەهۆی گرینۆکی و نواندنەوە هیگواینم خۆشناوێت

بابەتی دواتر

لویس فیگۆ: بەرشلۆنەم بەجێهێشت لەبەرئەوەی ڕێزیان نەگرتم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share