هۆشداری لە دووەم شەڕی ئەهلی لە عێراق دەدرێت

دەسەڵات و قەڵەمڕەوی گروپە چەكدارییە شیعیەكان لە زیادبووندایە

جەنەڕاڵێكی ئەمریكی و شیكارانی سیاسی هۆشداری دەدەن لەوەی جموجوڵ و هەڵسوكەوتی گروپەكانی نزیك لە ئێران دەبێتە هۆی خزانی عێراق بەرەو دووەم جەنگی ئەهلی لەنێوان شیعە و شیعەدا.

پۆل كالفیرت، فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا وتی، باوەڕموایە لەئێستادا دوو هەڕەشەی سەرەكی لەسەر عێراق هەیە، یەكەمیان هێزەكانی حەشدی شەعبی و دووەم ئابورییە، هەردووكیان، بەبێ چاودێری، گشت دەستكەوتەكانی پێشوو لەناودەبەن.

كالفیرت ئەوەشی وت، گەورەترین كێشە لەئێستادا ئەوەیە حكومەتی عێراق “كۆنتڕۆڵێكی زۆر كەمی” بەسەر قەڵەمڕەوی ئەو گروپە چەكدارییانەی حەشدی شەعبیدا هەیە.

حەشدی شەعبی كە لە چەند كۆمەڵە چەكدارێكی شیعی پێكدێت، ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی چەكدارانی داعش پێكهێنرا، پاش ئەوەی چەكدارانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەستیان بەسەر ڕوبەرێكی فراوانی عێراقدا گرت.

لەناو دەستەی حەشدی شەعبی-دا ناكۆكی لەنێوان كۆمەڵەكانی لایەنداری ئێران و ئەوانەدا هەیە كە گرێدراوی مەرجەعیەتن لە شارەكانی كەربەلا و نەجەف.

هەریەك لە (عەسائیبی ئەهلی حەق و نوجەبا‌ء و كەتیبەكانی حزبوڵا) بە گروپە نزیكەكان حەشد لە ئێران دادەنرێن، لەكاتێكدا گروپ و فیرقەكانی (ئیمام عەلی، عەباس، لیوای عەلی ئەكبر و لایەنگرانی مەرجەعیەت) لە گروپەكانی نزیك لە مەرجەعیەتن و نزیكەی 20 هەزار چەكدار لەخۆدەگرن.

جەنەڕاڵە ئەمریكییەكە ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا نیگەرانیەكی زۆر هەیە دەربارەی ئەگەری هەڵایسانی جەنگی ئەهلی لەناوخۆی شیعەدا لەنێوان ئەو گروپە جیاوازانەدا.

سەرەڕای ئەو گروپە چەكدارانە، عێراق لە بەردەم چەندین كێشەی دیكەدایە لەوانەش ڕوبەڕوبوونەوەی توندڕەوەكانی وەك داعش، جگە لە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد.

پێشتر لە نێوان ساڵانی 2007 و 2008 جەنگی ئەهلی لە عێراق ڕویدا و زۆرینەی گروپەكان بەشداربوون تیایدا، هەمان كێشە لەمڕۆدا هەڕەشە لە سەقامگیری دۆخی وڵاتەكە دەكات.

لای خۆیەوە عەلی كازم، شیكاری سیاسی پێیوایە، شەڕی نێوان گروپەكانی شیعە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانی هەیە. ئەوەشی وت، “لایەنگرانی موقتەدا سەدر كە بۆ گروپی لایەنگری ئێران و گروپی دژی دابەشبووە، ئەم جەنگە هەڵدەگیرسێنن، ئەو میلیشیایانە مێژوویەكی ڕوونیان هەیە لە ڕشتنی خوێنی عێراقییەكاندا”.

هەروەك ناكۆكی قوڵ لەنێوان ئەو گروپە چەكدارییانەدا هەیە، نەك تەنها لەسەر ئاستی بیروبۆچوون، بەڵكو تەنانەت لەسەر ئاستی سیاسی-یش.

بەپێی ئەو شیكارە سیاسییە ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی هەڵایسانی شەڕی شیعە و شیعە ڕەتكردنەوەی پڕۆسەی دیموكراسیەتە لە عێراق لەلایەن گروپەكانی لایەنداری ئێرانەوە.

عەلی كازم ئەوەشی وت، “ئەگەرەكانی شەڕ لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان زیاددەكات، هەر سەرۆكوەزیرانێك بەبێ ڕەزامەندی ئێران بچێتە دەسەڵات، ئەستەمە بتوانێت فەرمانڕەوایی وڵات بكات”.

لای خۆیەوە ڕەمەزان بەدران، شیكاری سیاسیی عێراقی وتی، گروپە لایەندارەكانی ئێران بوونەتە سەرچاوەی مەترسییەكی گەورە لەسەر عێراق، بۆیە سیستانی هەوڵیداوە بۆ دابڕانی هەردوو حەشدەكە لەیەكتر بەمەبەستی كشانەوەی پارێزی شەرعییان.

ئەوەشی وت، “دابڕانی لیواكانی نەجەف لە حەشد پێشبینیكردنی ئایندەیە دەربارەی ئەوەی ئەو پێكهاتانە لایەنداری سەربازیی ئێرانن بۆ دروستكردنی ناكۆكی لە ناوچەكەدا”.

لەسەر ئەو بارودۆخە، جەنەڕاڵی بەریتانی كیڤن كۆپسی، جێگری فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆشداری لە دابەشبوونی عێراق دا و وتی، “ئەگەر حكومەت نەگاتە ستراتیجێكی گونجاو دەربارەی مامەڵە لەگەڵ ئەو میلیشیایانە، لەماوەی پێنج ساڵدا، ڕەنگە بە لێكترازانی وڵات كۆتایی پێبێت”.

س: ئەلحوڕە، سایتی دیڤنس وەن

بابەتی پێشتر

شەپۆلێكی باران و بەفر ڕوو لە شارەكانی هەرێم دەكات

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران سبەی دەنگ لەسەر یاسای دادگای فیدڕاڵی دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەرێم دەتوانێت غاز ڕەوانەی بازاڕەكان بكات؟
غازی هەرێم لەنێوان بەستنەوەی بە توركیا و مووشەكەكانی ئێراندا

دەشێت دەوڵەمەندیی هەرێمی كوردستان بە غازی سروشتی، ئاڵنگاریی دیكە بۆ هەرێم ‏دروستبكات، بە ئەگەری دروستبوونی ناسەقامگیریشەوە، پێدەچێت هەوڵەكان…
Total
0
Share