“جوتێک کڵاش بەهاى دوو بەرمیل نەوتى هەیە”

جێگرى وەزیرى کەلەپور و رۆشنبیریى ئێران دەڵێت، جوتێک کڵاشى شارى مەریوان بەهاکەى بەقەد دوو بەرمیل نەوتە، شایەنى ئەوەیە ئەم بەرهەمە دەستییە بە هەموو جیهان بناسێنین.

لەمیانى حەوتەمین فێستیڤاڵى نێودەوڵەتیى فەجر بۆ کارە دەستییەکان و هونەرە تەقلیدییەکان لە ئێران، مەریەم جەلالى، جێگرى وەزیرى کەلەپور و رۆشنبیرى و گەشتوگوزار بۆ کارە دەستییەکان بە میدیاکانى راگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە گرنگیدانە بە بەرهەمە دەستییەکان کە ساڵانێکە هاوڵاتییان لە تەواوى وڵات گرنگى پێدەدەن و ناهێڵن لەناوبچێت، هەروەها ئەم فێستیڤاڵە هۆکارێکە بۆ ئاڵوگۆرى کەلتوورە جیاوازەکان و بەرهەمە دەستییەکان.

فێستیڤاڵى نێودەوڵەتیى فەجر بۆ کارە دەستیەکان لە هۆڵى تاوەرى میلاد لە تاران لە 15ى شوبات بۆ 23ى شوبات بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئێستا 40 شوێنى کەلەپورى نێودەوڵەتى و 350 شوێنى کەلەپورى ناوخۆیی ئێران بەشدارن.

ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان یەکێکن لە وڵاتانەى کە گرنگى زۆر دەدەن بە کارى دەستى. تاوەکو ئێستا بە سەدان ناوچە لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران وەک شوێنى کەلەپورى، فەرهەنگى و مێژوویی لەسەر ئاستى جیهان ناسێندراوە و لە لیستى یونسکۆ تۆمارکراوە.

کڵاشی مەریوان بە یەکێک لە کارە دەستییە بەناوبانگەکان دەناسێندرێت، شارى مەریوان لە رۆژهەڵاتى کوردستان ساڵى 2017 بە پایتەختى دروستکردنى کڵاش لە لیستى شارە کەلەپورییەکان لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکراوە.

بەهاى دروستکردنى یەک کڵاش بەگوێرەى پێکهاتەى دروستکردنەکەى دەگۆڕدرێت، لەوبارەیەوە مریەم جەلالى، جێگرى وەزیرى کەلەپور و رۆشنبیرى و گەشتوگوزار بۆ کارە دەستییەکان وتى، “ئێستا بەهاى یەک جوت کڵاش زیاترە لە نرخى دوو بەرمیل نەوت”.

بەوپێیەش بێت نرخى یەک جوت کڵاشى مەریوان لەنێوان 150 بۆ 160 دۆلارى ئەمریکییە.

بەگوێرەى ئامارێک کە لە ئاژانسى ANF بڵاوبۆتەوە، ساڵانە لە شارى مەریوان زیاتر لە 300 هەزار جوت کڵاش دروستدەکرێت، بەهاکەى دەگاتە 30 ملیار تمەن (نزیکەى حەوت ملیۆن دۆلار بەو نرخەى ئەوکات ساڵى 2017).

کێن ئەوانەى کڵاش دروستدەکەن
دروستکردنى کڵاش وەک پیشەیەکى کەلتوورى کوردى لە رۆژهەڵاتى کوردستان سەیردەکرێت، ئەوانەى زیاتر سەرقاڵى ئەم پیشەیەن ژنانی کوردن، ئەو کڵاشانەى کە خواستێکى زۆریان لەسەرە و بەشێوازێکى زۆر جوان چندراون، بەدەستى ژنانی مەریوانى دروستدەکرێن، هەروەها لەڕووى نرخەوە جیاوازییان زیاترە لەوانەى کە پیاوان دروستیدەکەن.

لە شارى مەریوان نزیکەى 15 هەزار کەس بەشێوەى بەردەوام کارى سەرەکییان دروستکردنى کڵاشە، ئەوان رێچکەیەکى تایبەت بەخۆیان گرتووە.

دروستکردنى کڵاش لە دووبەش پێکدێت، ژێرکڵاش لە پەڕۆى کوتراو، لەگەڵ چنینى بەشى سەرەوەى، لەگەڵ ئەوەش چەند شێوازى دیکەش هەیە و پەیڕەودەکرێت لەکاتى دروستکردنى کڵاشدا.

بەگشتى لە سنوورى پارێزگاى سنە کە شارى مەریوان بەشێکە لە سنوورەکەى، نزیکەى سێ هەزار کارگەى دروستکردنى کڵاش هەن.

بابەتی پێشتر

حەبێکی بەدیلی ڤیاگرا دروستدەکرێت

بابەتی دواتر

مەرجەکانی فرۆشتنی دۆلار بە عومرەکاران لە فڕۆکەخانەکان ئاشکرادەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چاودێرێك بۆ شاخەوان عەبدوڵا: هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی رێككەوتنی 50 ساڵە و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بدە

چاودێرێكی سیاسی لە وەڵامی شاخەوان عەبدوڵادا رایدەگەیەنێت، پێویستە بەر لە باسكردنی باشماخ، هەوڵبدات زانیاری لەبارەی رێككەوتنی 50 ساڵەی…
Total
0
Share