لەدوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و راگەیاندنی بڕیارە نوێیەکانی سەبارەت بە زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر کاڵای وڵاتان، دۆخێکی ناجێگیری ئابوری لە جیهاندا دروستکردووە و کە زۆرێکیش بە جەنگی بازرگانیی ناویدەبەن، کە ئەمریکا و چین سەرۆکایەتیی هەردوو بەرەی جەنگەکە دەکەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا باجی گومرگی لەسەر کاڵا چینییەکان بە رێژەی زیاتر لە 100% بەرزکردەوە، لە بەرامبەریشدا چین رێژەی باجی گومرگی لەسەر کاڵا ئەمریکییەکان بە رێژەی 125% بەرزکردەوە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش جەختیانکردەوە، “تا دواخولەک دەجەنگن”.
کەواتە مانای ئەم ململانێ و جەنگە نوێیە چییە؟
لە ساڵی 2024 دا قەبارەی بازرگانیی هەریەکە لە چین و ئەمریکا 585 ملیار دۆلار بووە، ئەمریکا بەبەهای 440 ملیار دۆلار کاڵای لە چین هاوردەکردووە، چینیش بە بەهای 145 ملیار دۆلار کاڵای هاوردەکردووە، بەم پێیەش بێت ئەمریکا بە بەهای 295 ملیار دۆلار کورتهێنانی هەیە کە دەکاتە 1% ی ئابوریی ئەمریکا.
ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ باجی گومرگی لەسەر کاڵا چینییەکان بەرزدەکاتەوە و پێشتر و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی هەمان هەنگاوی دژ بەو وڵاتە گرتەبەر.
لە ساڵی 2016 کاڵا هاوردەکراوکانی چین رێژەی 21% ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەمریکای پێکدەهێنا، تا ساڵی رابردوو بۆ 13% دابەزی، بەمەش رووندەبێتەوە لە ماوەی دەیەی رابردوودا پشتبەستنی ئەمریکا بۆ چین بەرەو کەمبوونەوە چووە.
بەشێک لە شارەزایانی ئابووری پێشبینیدەکەن، کە ئەمریکا لە هاوردەکردنی بەشێک لە کاڵاکانی چین لە رێگای وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە ئەنجامبدات.
لە ساڵی 2018 ئەمریکا بە رێژەی 30% باجی لەسەر پارچەکانی سیستمی سۆلار دانا کە لە چینەوە هاوردە دەکرا، لە ساڵی 2023 وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا سەلماندی کۆمپانیا چینییەکان بۆ خۆپاراستن لەو رێژە باجە کارگەکانیان بۆ وڵاتانی مالیزیا، کەمبۆدیا، ڤێتنام و تایلاند گواستووەتەوە و لەوێوە کاڵاکانیان رەوانەی ئەو وڵاتەدەکەن.
لەدوای دەرچوونی بڕیارە نوێیەکانی ئەمریکا سەبارەت بە باجی گومرگی نرخی بەشێکی زۆر لە کاڵا چینییەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
تەنها چین نییە زەرەرمەندی ئەم بڕیارانە بێت، بەڵکو خودی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بە تایبەت کۆمپانیاکانی ئامێرە ئەلیکترۆنی و زیرەکەکان.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بە رێژەی 20% رووی لە دابەزین کردووە.
بەپێی ئامارێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئەمریکا و چین 43% ی ئابووری جیهان پێکدەهێنن، ئەگەر ئەم دوو وڵاتە جەنگی ئابوری رابگەیەنن کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان جێدەهێڵن و گەشەی ئابووری بەرەو لاوازبوون دەبەن، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵاتانی دیکە جێدەهێڵن.