شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات، پلەی گەرما دادەبەزێت و تاوەباران و هەورەبروسکە دەستپێدەکاتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە، سبەی دووشەممە پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوچەکانمان 2 تا 4 پلە نزمدەبێتەوە و کەشوهەواش جێگیر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ بەردەوامیی کاریگەریی ئەو بارستەهەوایە، لە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەوە 21ـی 10ـی 2026، حاڵەتێکی لاوازی ناجێگیریی کەشوهەوا لە دەریای سوورەوە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە و ناوبەناو هەورەبروسکە چالاک دەبێت و تاوەبارانی کەم بۆ مامناوەند دەبارێت؛ کاریگەریشی زیاتر لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دەبێت، بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە تا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوامیی دەبێت و پاشان کۆتایی پێدێت.