پاپای ڤاتیكان هۆشداری دەدات و دەڵێت، “مرۆڤایەتی دووچاری گەردەلوولی دووەم دەبێتەوە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە”، ئاماژەی بە تێكستێكی كتێبی ئینجیلیش كردووە لەوبارەیەوە.
دەیلی مەیلی بەریتانی ئاماژەی بەوەكردووە، پاپای ڤاتیكان ڕایگەیاندووە، “مرۆڤایەتی دووچاری گەردەلوولێكی گەورەی دیكە دەبێتەوە، ڕەنگە ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و توانەوەی بەستەڵەكەكانەوە بێت، ئەوە ڕودەدات گەر بەردەوام بە هەمان ڕێگادا بڕۆین”.
لە درێژەی ئەو وتانەی كە بۆ نوسەرێكی ئیتاڵی كردووە، پاپا ئاماژەی بەوەشكردووە، “ژیری شانبەشانی هاوسۆزی دەڕوات، هاوسۆزیش شانبەشانی هەڵوێستەكان و مرۆڤ و جیهان و كێشەكان دەڕوات، پشوو درێژی بەشێكە لە ئیمان”.
“ئەو گەردەلوولەی كە جیهانی لەناوبرد بەدەر لە پێغەمبەر نوح، ڕەنگە داستانێك بێت بەڵام وەك نمونەیەكە بۆ پیشاندانی ئەوەی خودای گەورە چۆن توڕەیی خۆی بەكاردێنێت بۆ سزادانی زاڵمان و ڕێككردنەوەی هەڵەكان لە جیهاندا”، وەك پاپای ڤاتیكان ئاماژەی پێكردووە.
ئەوەشی وتووە، “توڕەیی خودا لەسەر زوڵم و شەیتان، ئاڕاستەیەكە دژی تاوان و گەندەڵی كە بەرەی شەیتانن، توڕەیی خودا ئامانج لێی بەدیهێنانی دادپەروەرییە”.
زانایان هۆشداری دەدەن
ئەو وتانەی پاپای ڤاتیكان هاوكاتی هۆشداریدانی زانایان و شارەزایانە لەبارەی ڕەوشی ئاووهەوای زەوی.
زاناكانی زانكۆی تۆهۆی یابانی و پەیمانگای جۆرجیا بۆ تەكنەلۆژیا لە ئەمریكا، هۆشدارییانداوە لەوەی بەرگەهەوای زەوی سەرجەم ئۆكسجینەكەی لە داهاتوودا لەدەست دەدات.
گۆڤاری Nature Geoscience بڵاویكردووەتەوە، كازۆمی ئۆزاكیی یابانی، هاوڕێ لەگەڵ كریستۆفەر ڕینهاردی ئەمریكی نمونەیەكی دەستكردی بەرگەهەوایان دروستكردووە، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی پاڵنەرە جیۆلۆجی و بایۆلۆجی و ئاووهەواییەكان، گەیشتوونەتە دەرئەنجامێك كە بەرگەهەوای زەوی تا نزیكەی یەك ملیار ساڵی دیكە بە سەقامگیری دەمێنێتەوە، بەڵام پاش ئەوە بە چەند هەزار ساڵێك سەرجەم ئۆكسجینەكەی لەدەست دەدات.
هۆكاری ئەو كارەساتەیان گەڕاندووەتەوە بۆ زیادبوونی چالاكییەكان خۆ، كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دووانئۆكسیدی كاربۆن لە كەشوهەوادا كە دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی زەوی نەتوانێت ئۆكسجین بەرهەمبهێنێت.
زانایەكی ئاووهەوا باس لە نیشانەكانی هاتنی چەرخی بەستەڵەكی سنووردار دەكات
زانایەكی ڕوسیی بواری دەریا و كیشوەرەكان پێیوایە قۆناغی گەرمبوون لە ناوچەی جەمسەری باكوور كۆتایی هات و ئاووهەوا ڕوو لە دۆخی ساردبوون دەكات.
گینادی ماتیشیف، سەرۆكی لقی باشووری ئەكادیمیای زانستە ڕوسییەكان و زانای دەریا و كیشوەرەكان وتی، مرۆڤایەتی پاش ماوەیەكی دیكە چەرخێكی بەستەڵەكی بچوك دەبینن نەك گەرمبوونی جیهانی، وەك ئەوەی زۆرێك پێشبینی دەكەن.
ڕونیشیكردەوە، ئاووهەوای هەسارەی زەوی خولی كاتیی هەیە، خولی ئاووهەوای گەرم لە ناوچەی جەمسەری باكوور كۆتایی هات و خولی ئاووهەوای سارد دەستیپێكردووە.
زانا ڕوسییەكە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ڕوسیسكایا گازیتا) وتی، بەر لە چوار ساڵ سەردانی جەمسەری باكووری كردووە و تێبینی گەڕانەوەی خولی گەرمی نەكردەوە و داواشی لە لایەنگرانی قەتیسبوونی گەرمای جیهان كرد تەنانەت ئەگەر بۆ ڕۆژێكیش بێت لە مانگی ئابدا سەردانی ناوچەكە بكەن، بۆ بینینی ئەو ناوچەیە بە بەفر و بەستەڵەك و ورچە سپییەكانیەوە.
زانا ڕوسییەكە ئەو سەرما زۆرەشی بەبیرهێنایەوە كە باكووری ئەمریكا و ویلایەتی تەكساسی بەشێوەیەكی تایبەت گرتەوە، جگە لە بارینی بەفری زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەستنی ئاوی دەریای بەلتیق.
ئەوەشی وت، كەنداوی تاگنرۆگ لە دەریای ئەزوف-ی باشووری ئۆكرانیا بەدرێژایی 15 ساڵی ڕابردوو 54 ڕۆژ لەهەر ساڵێكدا دەیبەست، كە ئەمەش كارێكی دەگمەنە لە ناوچەكانی باشوور، هەروەك نیشانەیە بۆ نزیكبوونەوەی خولی سارد لە ئاووهەوای جیهانیدا.
لە كۆتاییشدا زانا ڕوسیەكە ئەوەی دوپاتكردەوە كە “ئێمە بەرەو چەرخێكی بەستەڵەكی بچووك هەنگاو دەنێین، بەڵام ڕونادات تا هەزار ساڵی دیكە، بەهۆیەوە تەنها نەوەیەكی مرۆڤ بەهۆی سنوورداری تەمەنەوە ناتوانێت بیبینێت”.