دۆناڵد ترەمپ وەک 47 ەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت

دوای چوار ساڵ لە جێهێشتنی کۆشکی سپی ئەمڕۆ دووشەممە 20 ی کانوونی دووەم دۆناڵد ترەمپ لە بینای کاپیتۆڵ سوێندی یاسایی دەخوات و وەک 47 ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت.

هاوکات لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ جی دی فانس، وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت.

مێژووی رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی ئەمریکا زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1789 کاتێک جۆرج واشنتن یەکەم سەرۆکی وڵاتەکە دەستبەکاربوو.

لە سەرەتاوە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێ 4 ی ئازار دیاریکرابوو، هەرچەندە یەکەم سەرۆکی وڵاتەکە بەهۆی خراپی رەوشی کەشوهەواوە لە 30 نیسان سوێندنی یاسایی خوارد.

دواکەوتنی رێورەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ لەدوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە، بەهۆی ئەو قورسیانە بووە کە لە جیاکردنەوەی دەنگەکان و گواستنەوەیان دروستبووە، هەر بۆیە دواتر و لەدوای پێشکەوتنەکانی وڵاتەکە لە ساڵی 1933 دەستووری ئەمریکا هەموارکرایەوە و رێورەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک خرایە 20 ی کانوونی دووەم و لە ساڵی 1937 یش بڕیارەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ رێورەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە کاتژمێر 11:30 بە کاتی ناوخۆیی واشنتن دەستپێدەکات، سەرەتا چەند نمایشێکی سەربازی بەڕێوەدەچێت لە کۆشکی سپییەوە بۆ بەردەم بینای کاپیتۆڵ، دواتر جێگری سەرۆک سوێندی یاسایی دەخوات، پاشان دۆناڵد ترەمپ سوێند دەخوات و وتارێکی دەستپێک کە بە وتارێکی مێژووی هەژماردەکرێت پێشکەش دەکات.

لە رێورەسمەکەدا ژمارەیەک لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، نوێنەری وڵاتان و سەرۆکەکانی جیهان و کەسایەتییە ناسراوەکان و دەوڵەمەندەکان و ئەکتەرە بەناوبانگەکانی هۆڵیود بەشداریی دەکەن، چالاکییەکانی بە شێوەی راستەوخۆ لە راگەیاندنەکانی وڵاتەکە دەگوازرێنەوە.

پێگەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، هەر ئەمڕۆ و لەدوای سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ باری لەناکاو لە سنووری مەکسیک رادەگەیەنێت، بەمەبەستی بەهێزکردنی سنوورەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، و ئەو کۆتانەی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت هەن لایاندەبات، پێشبینیدەکرێت ئەو بەرنامەیە رەتبکاتەوە کە ئامانج لێی زیادکردنی هەمەچەشنییە لە ئیدارەی فیداڕڵیدا.

هاوکات چاوەڕێدەکرێت بڕیاری لێبوردن بۆ هێرشبەرانی سەر بینای کاپیتۆڵ لە ساڵی 2021 دەربکات.

دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ یەکێکە لە رووداوە مێژووییەکانی ئەمریکا، کە کاریگەری گەورە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە جێدەڵێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، کەمکردنەوەی باج، رێگری لە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی، یاسای مافی لەباربردنی منداڵ، لە چاوەڕوانی بڕیاری ترەمپدا دەبن.

لە ئاستی نێودەوڵەتی، باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و روسیا، بڕیاردان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و روسیا و جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، لەو ئالەنگارییە گەورانەن لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا چاوەڕێی سەرۆکایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ دەبن.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share