بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێكی ئاڕاستەی عەلی باپیر و سەركردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی “كۆمەڵی دادگەریی كوردستان” كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی حزبەكە و هەڵبژاردنەوەی سەرۆكیان لێدەكات.
لە پەیامەكەدا هاتووە، “بەبۆنەی بەستن و سەرکەوتنی چوارەمین كۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و هەڵبژاردنەوەی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر وەك سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین.”
ئەوەش هاتووە، “بەستنی كۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی چەندین گرفتی سیاسی، ئابووری و قەیران بووەتەوە و لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەكێتییەكی نیشتمانی، لێکتێگەیشتن و زمانی ھاوبەش ھەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان تاوەكو پێکەوە خزمەتێکی شایستەتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و داکۆکی لە مافە دەستووریی و یاساییەکانمان بکەین.”
ھاوسەرۆکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، “کۆمەڵی دادگەری لە ھاوکێشە سیاسییەکاندا رۆڵی گرنگ و هاوسەنگی بینیوە و بەشداربووە لە بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێم، کە ئەمەش جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە.”
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا بۆ عەلی باپیر ڕایگەیاندووە، “دوای سەرکەوتنی کۆنگرە و ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان ئەرکی سەرشانتان قورسە و ئومێدەوارین ھەمان رۆڵی رابردوو ببینن و هاندەرێکی باشتربێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندی سیاسیی نێوانمان و سەرخستنی ئیرادەی چاکسازی راستەقینە و زیاتر خزمەتکردنی ھاوڵاتییان و پێداچوونەوە بە سیستمی بەڕێوەبردن و باشکردنی گوزەرانی خەڵک و چەسپاندنی لامەرکەزی و گەڕانەوەی متمانە لەنێوان ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا.”
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاندووە، “لەم بۆنەیەدا بەدەرفەتی دەزانم جەختبكەمەوە ئێمە لە سەرۆکایەتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ھێزە سیاسییە کوردییەکان دەڕوانین و لەگەڵ ئەوەداین پێکەوە ھەموومان ئەزموونی ھەرێمەکەمان باشتربکەین و جیاوازیی سیاسی و بۆچوونە جیاوازەکانیشمان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.”
دەقی پەیامەكە:-
بەناوی یەزدانی مەزنەوە
برای بەڕێزمان مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان.
بەڕێزان لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بەبۆنەی بەستن و سەرکەوتنی چوارەمین كۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و هەڵبژاردنەوەی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر وەك سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین.
بەستنی كۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەکاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی چەندین گرفتی سیاسی، ئابووری و قەیران بووەتەوە و لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەكێتییەكی نیشتمانی، لێکتێگەیشتن و زمانی ھاوبەش ھەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان تاوەكو پێکەوە خزمەتێکی شایستەتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و داکۆکی لە مافە دەستووریی و یاساییەکانمان بکەین.
کۆمەڵی دادگەری لە ھاوکێشە سیاسییەکاندا رۆڵی گرنگ و هاوسەنگی بینیوە و بەشداربووە لە بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێم، کە ئەمەش جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە.
ئەمڕۆش دوای سەرکەوتنی کۆنگرە و ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان ئەرکی سەرشانتان قورسە و ئومێدەوارین ھەمان رۆڵی رابردوو ببین و هاندەرێکی باشتربێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندی سیاسیی نێوانمان و سەرخستنی ئیرادەی چاکسازی راستەقینە و زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە سیستمی بەڕێوەبردن و باشکردنی گوزەرانی خەڵک و چەسپاندنی لامەرکەزی و گەڕانەوەی متمانە لەنێوان ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا.
لەم بۆنەیەدا بەدەرفەتی دەزانم جەختبكەمەوە ئێمە لە سەرۆکایەتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ھێزە سیاسییە کوردییەکان دەڕوانین و لەگەڵ ئەوەداین پێکەوە ھەموومان ئەزموونی ھەرێمەکەمان باشتربکەین و جیاوازیی سیاسی و بۆچوونە جیاوازەکانیشمان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو پێکبھێنین و یەک پەیامی نەتەوەیی ئاڕاستەکراوی کوردستانی بگەیەنینە بەغدا و ناوچەکە. بەرژەوەندی خەڵک و ژیان و گوزەرانیان خەمی لەپێشینەی کارکردنمان بێت و چیتر رێگەنەدەین بەرژەوەندی حزبی، ململانێی سیاسی بڕیار لە چارەنووس و بژێوی ژیانی خەڵک بدات. بۆ ئەوەش ھیمەت و رۆڵی بەڕێزتان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە گرنگ دەزانین.
دووبارە پیرۆزبایتان لێدەکەین
شاد و سەرفرازبن
براتان
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان