فەڕەنسا دەسووتێت؛ خۆپیشاندانێک لە داواكاریی ماف بۆ ئایدۆلۆژیی ئایینی و سیاسی

پاش ئەوەی هاووڵاتییان و خوێندكاران بۆ داواكردنی مافی باشتركردنی ژیان و ئاساییكردنەوەی نرخی سووتەمەنی و پاڵپشتیكردنی دارایی خوێندكاران خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا، لە ئێستادا پاریس و چەند شارێكی دیكە دووكەڵ و ئاگریان لێبەرزدەبێتەوە و ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت، “خۆپیشاندانەكان وێنایەكی دیكەیان وەرگرتووە”.

بەپێی بنكۆڵكارییەكی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ماوەی چەند هەفتەیەكە بەهۆی هەڵئاوسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەكانی سووتەمەنی لەو وڵاتە، هاووڵاتییان خۆپیشاندانێكیان دژ بە چارەسەرنەكردنی ئەم بارودۆخە دەستپێكردووە، پاشان بەهۆی لاوازبوون و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی پەیوەست بە كەرتی پەروەردە و وەستاندنی پاڵپشتییە داراییەكان بۆ خوێندكاران؛ خوێندكارانیش لە چەند شارێكی فەڕەنساوە دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە لە پێناو دابینكردنی مافە سەرەتاییەكانیان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی جێگای تێبینیكردنە، تا هەفتەیەک بەر لە ئێستا، هیچ توندوتیژییەک لە خۆپیشاندانەكاندا بەدی نەكرا و هاووڵاتییان و خوێندكاران بەشێوەیەكی مەدەنییانە دروشمیان بۆ جێبەجێكردنی داوا ڕەواكانیان بەرزدەكردەوە؛ بەڵام لە ئێستادا پاریسی پایتەخت و چەند شارێكی دیكە دووكەڵ و ئاگریان لێبەرزدەبێتەوە و خۆپیشاندانە مەدەنییەكان بەرەو ئاڕاستەیەكی دیكە بردراون و لەجیاتی داواكاریی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، ئێستا بە ناوی دۆسیەی ئایین و فەڵەستینەوە، پاریس دەسووتێندرێت و شوێنە گەشتیارییەكان وێران دەكرێن.

ئەو ڕۆژنامەیە ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەڕەنسا بەهۆی ئایدۆلۆژییەكی ئایینی و سیاسییەوە دەناڵێنێت و بە وتەی چەند بەرپرسێكی سیاسیی ئەو وڵاتە، باوەشكردن بە لێشاوی پەنابەران، هۆكارێكی سەرەكیی ئاژاوەگێڕییەكانی ئێستایە و چەند جووڵانەوەیەكی ئاژاوەگێڕییش دەستیان لە تێكدان و شێواندنی شار و دامەزراوە حكومییەكانی فەڕەنسا و ئەو بازاڕانەدا هەیە كە بەهۆی تاڵانیی و دزییەوە، زیانیان بەركەوتووە.

لای خۆیشییەوە، سباستیان لوکۆرنو، سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ئەوەی لە وڵاتەكەی دەگوزەرێت، دەستتێوەردانێكی ئاشكرای چەپخوازەكانە و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت، ئاسایشی وڵاتەكەی بخەنە مەترسییەوە، وتیشی، “زیاتر لە دوو هەزار كەس بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژیی و ئاژاوەگێڕییەوە دەستگیركراون و ڕێگە نادەین چیدیكە ئەم بێسەروبەرییە بەردەوامیی هەبێت”.

جەختیشی لەوەكردووەتەوە، خۆپیشاندانە مەدەنییەكان شایەنی ئەوەن گوێیان بۆ بگیرێت، بەڵام ئەو لایەنانەشی دەیانەوێت ئاڕاستەی ئەم خۆپیشاندانە بەرەو شوێنێكی دیكە ببەن و بە سووتاندنی ئاڵای وڵاتەكەمان ئاژاوەگێڕیی و پشێویی بنێنەوە؛ ئەوا سزایەكی توند چاوەڕوانیان دەكات و زانیاریی وردمان لەسەر ئەو كەسانە كۆكردووەتەوە كە لەژێر ناوی ‘پشتگیریكردن لە فەڵەستین’ دەیانەوێت وڵاتەكەمان وێران بکەن.

شەوی ڕابردووش لەسەر ئاڵۆزیی و تاڵانچێتی لە بەشێكی وڵاتەكەیدا، ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “زۆر بە توندی سزای ئاژاوەگێڕان و تاڵانچییەكان دەدەین، دەزانین كێن و زانیاریی وردمان لەسەر ئەوانەش هەیە كە ئەم خۆپیشاندانەیان بۆ مەرامی خۆیان قۆستووەتەوە، ئەو خۆپیشاندەرە ڕاستەقینانەش لە ئاژاوەگێڕان و تاڵانچییەكان جودا دەكەینەوە كە بەڕاستی بە هێمنانە داوای مافەكانی خۆیانیان كردبوو”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share