بەم نرخەی ئێستای نەوت حكومەتی هەرێم دەتوانێت موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات؟

پارە ژماردن لە نوسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر

نرخی نەوت لە ئاستی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە بەشێكی گەورە لە داهاتی هەریمی كوردستان پشتی بە نەوت بەستووە، بەڵام پێشبینی ناكرێت ئەم مانگەش حكومەتی هەرێم بەبێ لێبڕین موچە دابەش بكات.

ڕێكخراوێكی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان، دەروازەی دەربازبوون لە قەیرانی دارایی و مسۆگەر كردنی موچە، دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق.

حكومەتی هەرێم دەتوانێت موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات؟

وریا حسێن، سەرۆكی ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوت و گازی هەرێم لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی داهاتی زیادی كردووە، هەموو مانگێك دوای لێدەركردنی خەرجییەكان و كرێ جۆراوجۆرەكان كە لەسەر نەوت هەن، نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم دەمێنێتەوە كە نرخی نەوت لە 50 دۆلاردا بووە”.

سبارەت بە توانای حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین، وریا حسێن ئەوەی ئاشكراكرد، “داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەكی باش بەرزبووەتەوە، لەگەڵ داهاتی نەوتدا كۆی بكەیتەوە، ئەوا داهاتی حكومەت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بەبێ لێبڕین موچە دابەش بكات، چونكە پێشتر وەزارەتی دارایی ئاشكرای كردبوو، 890 ملیار دیناریان پێویست دەبێت بۆ دابەشكردنی موچەی تەواوەتی”.

هەر بەرزبوونەوەیەك لە نرخی نەوتدا كە ڕودەدات، مانگی دواتری كاریگەرییەكەی دەردەكەوێت، بۆ دابەزینیش بە هەمان شێوەیە

وتیشی، “هەرێمی كوردستان هەموو بەرمیلێكی نەوت كە دەیفرۆشێت بە هەر نرخێك بێت، ئەوا 51%ی وەك خەرجی و كرێ جۆراوجۆرەكان دەڕوات و 49%ی وەك داهات بۆ دەمێنێتەوە”.

پێشبینیشی كرد، مانگی ئایندە داهاتی نەوتیی هەرێمی كوردستان لە ئێستای زۆر زیاتر بێت چونكە لەم مانگەدا نرخی نەوت گەیشتووەتە نزیكەی 70 دۆلار، بەوەش “داهاتی نەوتی هەرێم دەگاتە نزیكەی نیو ملیار دۆلار”.

لیژنەی دارایی پەرلەمان دەیەوێت كۆتایی بە لێبڕینی موچە بهێندرێت

لای خۆشییەوە، زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ڕاستیدا دەبێت، وەزارەتی دارایی خۆیان ئاشكرای بكەن سیاسەتیان بۆ ئەم مانگە چۆنە، بەس بەڕای من دابەشكردنی موچە بۆ ئەم مانگەش بە لێبڕین دەبێت”.

زیاد جەبار ئەوەشی خستەڕوو، “لە ئێستادا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و ئیمكانیەتی باش لە بەردەستی حكومەتی هەرێمدا هەیە، ئومێد دەكەین كە ئەو لێبڕینە كۆتایی پێ بهێندرێت”.

ئاشكراشیكرد، “لە وەرزی نوێی یاسادانانیشدا كاری لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە، كار بكەین بۆ ئەوەی كۆتایی بە لێبڕین بهێندرێت”.

ڕێگاچارە ڕێككەوتنە لەگەڵ بەغداد

وریا حسێن ئاماژەی بەوەكرد، “بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ داهاتی هەرێم باشە، بەڵام نابێت دڵی پێخۆش بكەین، چونكە بەبێ ڕەزامەندیی بەغداد بۆ پرۆسەی نەوتی هەرێم و ڕێككەوتن، قەیرانی موچە بەردەوام دەبێت”.

ئەوەشی وت، “نرخی نەوت بڕواتە 100 دۆلاریش وەك ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وتی، قەیرانی دارایی هەرێم كۆتایی نایات، چونكە پێویستە لەگەڵ عێراق هەماهەنگی و ڕێككەوتن هەبێت ئەوكات قەیرانی موچە تێپەڕ دەبێت”.

لەكاتی بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتووەتە، 69 دۆلار و 39 سەنت و بەوەش بەهاكەی بەراورد بە مانگی ڕابردوو بە ڕێژەیەكی زۆر بەرزبووەتەوە.

حكومەتی هەرێم: هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات و خەرجی پێشكەش بە بەغداد كراون

لە ڕاگەیەندراوێكدا دوێنێ شەممە 6ی ئازار، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، “حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتریی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغداد كردووە”.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لەکاتێکدا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە دوایین قۆناغەکانییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەکانی دووپات دەکاتەوە و بڕوای بە شەفافیەت هەیە وەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا هاتووە”.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، “حكومەتی هەرێم بە نوسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات و خەرجییە نەوتییەكان (پشتبەست بە ڕاپۆرتی وردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوورییەکان و بڕی داھاتەکانیان پشتبەست بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی وئابووری ھەرێم”.

ئاشكراشیكردووە، “ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاریی تایبەت بە موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری”.

“حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافیەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكراكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیی خۆی، بۆ ڕای گشتی و حکومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بە نوسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی داوەتەوە”، وەك وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەشی وتووە، “هاوكات ھەرێم جارێکی تر، ئامادەیی خۆیشی دووپات دەكاتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەرییان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت”.

بابەتی پێشتر

پاپا لە هەولێر: هاتووم سوپاستان بکەم بۆ ماندوبوونتان لە بڵاوکردنەوەی برایەتی

بابەتی دواتر

ئەمریكا جارێكی دیكە جەخت دەكاتەوە كە وەڵامی هێرشە موشەكییەكان دەداتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share