بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەتۆمەتی دزینی بڕی نزیکەی 19 ملیۆن دینار، سێ تۆمەتبار دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای تۆمارکردنی سکاڵایەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دووکان کە هاووڵاتییەک لە جانتایەکدا بڕی نزیکەی 19 ملیۆن دینار و چەند بەڵگەنامەیەکی لێ دزراوە، بڕیاری دادوەر وەرگیرا و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، زانیاریی پێویست کۆکرایەوە و توانرا سێ تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دووکانەوە دەستگیربکرێن.
ڕاشیگەیاند، دەستیشگیرا بەسەر بڕی 18 ملیۆن و 750 هەزار دیناری پارە دزراوەکەدا.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، تۆمەتباران (ن، م، ح – س، ش، م – هـ، ع، خ) لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عێراقی، ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.