بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کاریگەریی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکانمان کردبوو کۆتاییدێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کەشی ئەمڕۆی ناوچەکانمان هەور و هەندێکات نیمچەهەور دەبێت، کاریگەریی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکەمان کردبوو بەرەو کۆتاییدەچێت، بەڵام ناجێگیری کەش وادەکات هەندێکجار شەپۆلەکە لە ناوچە شاخاوییەکان چالاک بێت، هەروەها لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە سنووری پارێزگای دهۆک لەکاتی جیا جیادا ئەگەری کەمێک بارانبارین لە ئارادا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتاییدێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەگەری نمەبارانە لە سەر ناوچەی جیاجیاکان.
سەبارەت بە کەشی سبەینێ پێنجشەممە ئەوەی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێکات کەش دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و هەندێکات ئەگەری نمەباران هەیە، بەگشتی کەشی سبەینێ تا رادەیەک جێگیردەبێت.