وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دواینیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڕاشیگەیاند، هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە، هەروەها بڕی چوار ملیار و 476 ملیۆن و 540 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی چەند تێبینییەکیشی خستووەتەڕوو:
1- لەبەرئەوەی کاتی داخڵبوونی پارە بۆ سەر هەژماری وەزارەتمان کەوتە کۆتایی دەوامی ڕەسمی، بەو هۆیەوە تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەوێتە سبەی لە کاتی دەوامی ڕەسمی.
2- هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاودەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکیی مووچەخۆران پێویستی بە ڕێکاری تەکنیکییە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە سیستمی ( ACH ) و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارەش پێویستی بە ماوەی ڕۆژێکی تەواو هەیە، ئەوەش وادەکات تەواوکردنی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچەخۆران بکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە، چونکە ڕۆژی هەینی و شەممە پشووی ڕەسمییە لە بانکی ناوەندیی عێراق و ناتوانرێت لە کاتی پشوودا ئەو ڕێکارانە ئەنجامبدرێن.