پێشڕەو مەلاوەیسی، ڕۆژنامەنووس و میدیاكار وتارێکی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان نووسیوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی..
كاتێک هێز و دەسەڵاتی حزبی دەخرێتە سەرووی دامەزراوە نیشتمانییەکان، یاسا و چاودێری جێبەجێكردنی یاسا و حكومڕانی بەهای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن، شکۆی دامەزراوەی یاسادانان و چاودێریی (پەرلەمان) لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو ئەمڕۆ، تووشی پەراوێزخستن و پەکخستن بووەتەوە.
كاتێک هێز و دەسەڵاتی حزبی دەخرێتە سەرووی دامەزراوە نیشتمانییەکان، یاسا و چاودێری بەهای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستدەدان، لەم نێوەندەشدا، پارتی وەک حزبێكی سیاسی و بەشدار لە هەموو کابینەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێ وێستگەی مێژوویی جیاوازدا ڕۆڵی هەبووە لە پەکخستن و داخستنی دەرگای پەرلەمان و شكانی شکۆی.
دەستدرێژیی سەربازیی لە 31ی ئابی 1996: لە 31ی ئابی 1996دا، بەهۆی شەڕی ناوخۆ و هاوکێشە ناوچەیییەکانەوە، شکۆی پەرلەمانی کوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین زەبری مێژوویی بووەوە، هێنانەژوورەوەی هێزەکانی ڕژێمی بەعس بۆ ناو پایتەختی هەرێمی کوردستان (هەولێر) و ناو هۆڵی پەرلەمان، نەک هەر بەزاندنی سەروەریی خاکی کوردستان بوو، بەڵکو شکاندنی شکۆی ئەو دامەزراوەیە بوو کە تازە لەدایکبووبوو، لەدوای ڕاپەڕین و ڕژانی خوێنی هەزاران شەهید بە دەنگی گەل هەڵبژێردرابوو، پارتی لە ڕێگەی دەستڕاكێشانی دوژمنی گەلەكەمانەوە هەولێری بە سەربازگە كرد، هەروەها پەرلەمانی لە دامەزراوەیەکی کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکانەوە کردە هۆڵێکی چۆڵ، بەو هۆیەشەوە ساڵانێک نەیتوانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی وەک شوێنگەی نوێنەری گەل ببینێت.
– یاریپێکردن بە بەها دەستوورییەکان لەساڵی 2026دا جارێكی دیکە نیشانەی پرسیاری خستەوە سەر شێوازی سیاسەتی پارتی.
دوای 30 ساڵ لە ڕووداوەکانی 1996، شێوازی پەراوێزخستنی پەرلەمان گۆڕانی بەسەردا هات، لە پەلاماری سەربازییەوە بۆ پەکخستنی بە شێوازی كودەتای سیاسی، جارێكی دیکە پارتی پەرلەمانی تووشی ئیفلیجبوونێکی قووڵ كردەوە کە ڕەنگدانەوەی هەمان عەقڵییەتی لە مێژینەی ئەو حزبەیە بەسەر دامەزراوە نیشتمانییەكاندا.
پێشێلكردنی یاسا و داتاشینی بە ویستی حزب: شکاندنی شکۆی پەرلەمان تەنیا بە داخستنی دەرگاکانی نییە، بەڵکو بە بێبەهاکردنی ڕۆڵی چاودێری و دەسەڵاتی یاسادانانە، بەسەر شێوازی حكومڕانی هەرێمەوە.
1- پەرلەمان لەبری ئەوەی مەرجەعی ڕاستەقینەی گەل بێت، کراوەتە قوربانی بەرژەوەندییە حزبییەکان و مامەڵەی سیاسی.
2- سەروەریی حزب بەسەر یاسادا، بڕیارەکانی پەرلەمان و یاسا پەسەندکراوەکان تا ئەو شوێنە جێبەجێ دەکرێن کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی حزبیدا بێنەوە، ئەگەر پێچەوانە بێت، یاساکان پەراوێزخراون یان بەکاردەهێنرێن بۆ ڕەوایەتیدان بە ویستی حیزبە دەسەڵاتدارەكە.
3- لاوازکردنی متمانەی هاووڵاتی، کاتێک هاووڵاتی دەبینێت پەرلەمان ناتوانێت ڕێگری لە گەندەڵی بكات یان لێپرسینەوە لە وەزیر و بەرپرسان بکات، متمانەی بە کۆی پرۆسەی دیموکراسی و یاسا لە هەرێمدا نامێنێت.
4- هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لە بەرامبەر ئەم ڕەفتارانەی پارتیدا، هەڵوێست و کاردانەوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حزبێکی نیشتمان ڕەگ داكوتاوی لە مێژینە، هەر چییەک بێت ئۆباڵی لە ملی پارتیدایە، چونكە هەنگاوێكی تەواو پێچەوانەی عورفە سیاسی و یاسایی و باڵانسی هێز، ناوە. ڕەوایی هەڵوێستی یەکێتی لە کاتێکدا پارتی سنوورەکانی دەسەڵات و شکۆی نیشتمانیی تێکشکاند، هەڵوێست و کاردانەوەکانی یەکێتی بۆ بەرگریکردن لە شکۆی دامەزراوەکان و هاوسەنگیی سیاسی، وەک وەڵامێکی ڕەوا دژی تاکڕەویی و پەلاماردانی شەرعییەت سەیر دەکرێت، هەر بڕیارێكی سیاسی و ئابوری و دبلۆماسی و یاسایی بگرێتەبەر هەق بە یەكێتییە، چونكە سیاسەت لە جوگرافیا و دیمۆگرافیای هەرێمی كوردستان بە مل وڕی و خۆسە پێنی ناگاتە مەنزڵ.
بۆیە كار هەیە و پارتی كردی، بەڵام دەبێت چاوەڕێی كاردانەوەش بكات، لە حزبێكی خاوەن هەزاران شەهیدی وەک یەكێتی، هەڕاجکردنی خوێنی شەهیدان و ڕەنجی پێشمەرگە و ساردی و گەرمی چێشتنی گەل بە یەكێتیی قبوڵ ناكرێت، بۆیە ئەوەی پارتی و هاوئاوازەكانی كردیان، لە ڕاستیدا ئەوان ڕەنج و ماندووبوونی چەندین ساڵەی خەباتی گەلی کوردستان، خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگەیان هەڕاج کرد و کردیانە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و کورسیی دەسەڵات.
كەرتبوون دابەشبوونی هەرێمی کوردستان لە «گوتارەوە» بۆ «کردار» بژاردەیەكی بەردەم یەكێتیی دەبێت، كە مێژوو شاهیدە لە ڕابردوو یەكێتی بە ڕابەرایەتی سەرۆک مام جەلال قوربانی بە یەكێتی دا تا ڕوونەدات، بەڵام ئێستا یەکێک لە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکانی ئەم ڕەفتارەی پارتی بژاردەی دابەشبوونی جوگرافی و سیاسیی حكومڕانی هەرێمی کوردستانی لە ئاستی وتار و ململانێی ڕاگەیاندندا، گواستەوە بۆ واقع و کردار لە بەردەم یەكێتیدا، هەروەها حەقی سیاسی خۆشیەتی، دروستکردنی زۆنی جیاواز، پەکخستنی دامەزراوە هاوبەشەکان، و تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەو هەنگاوە ناتەوافقیە نیشتیمانییە ئۆباڵەكەی لە گەردنی پارتیدایە.
5- ئەگەر پاساوی ئەو كارەیان مەترسییە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، ئەی خۆ ئەوێ ڕۆژێ كە دكتۆر یوسف” سەرۆكی پەڕلەمان لە هەولێر دەركراو دەرگای پەڕلەمان قوفڵی سیاسی لێدرا ئەوساش مەترسی هەر كەبوو، بەڵام سیاسەتی بانێكەو دوو هەوا لە ئێستادا بەگوێی خەڵكدا ناچێت.