بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، تەقەکەرەکەی ئەمڕۆی گەڕەکی ڕاپەڕین خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ 10ـی 9ـی 2026، لە ئەنجامی کێشەی نێوان دوو کەس، کەسێک برینداربوو، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بڕیاری دادوەر بۆ ڕووداوەکە وەرگیرا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد، سەرەنجام تۆمەتباری ڕووداوەکە کە تەقەی کردبوو، خۆی ڕادەستی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین کرد.
ڕاشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتبار (ب، أ، ف لەدایکبووی 1998) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەکانی (31/405) و (477) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە؛ هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ئەو چەکەدا کە تۆمەتبار تەقەی پێکردبوو.