بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە دزییان لە چەند خانوویەکی تەواونەکراودا کردبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سکاڵای تۆمارکرد کە لە خانووە تەواونەکراوەکەیدا، کێبڵ و وایەری کارەبایی لێدزراوە، بە بڕیاری دادوەر، پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخرا و دوای بەدواداچوونەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست و بە هاوکاریی ئاسایشی سەیدسادق، توانرا هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تاوانەکانیان پێ ئەنجامداوە.
ڕاشیگەیاند، تۆمەتباران بە ناوەکانی (س، ع، ئ لەدایکبووی 1991/ ب، ج، م لەدایکبووی 1996)، لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (443) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و هەروەها لەکاتی لێکۆڵینەوەکان، دانیان ناوە بە حەوت تاوانی دزیکردندا لە پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو قەزای پێنجوێن و سەیدسادق.