وەزارەتی داد، ڕایگەیاند، ڕاییکردنی مامەڵەی خانووبەرە تەنیا بە کارتی نیشتمانی دەبێت.
وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گشتاندنێک سەبارەت بە شێوازی ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانووبەرە لە فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە.
دەشڵێت، بەپێی ئەو گشتاندنە، ڕاییکردنی هەموو مامەڵەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەموو فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان، تەنیا بە (کارتی نیشتمانی) ئەنجامدەدرێت.
وەزارەتی داد، دەڵێت، داوا لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، دامەزراوەکان و هۆکارەکانی میدیا و ڕاگەیاندن دەکەین، هاوکاربن لە گەیاندنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە بە پارێزەران و هاوڵاتییان، و جەخت لەسەر پێویستیی هێنانی کارتی نیشتمانی بکەنەوە لە کاتی سەردانی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە، بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی مامەڵەکانیان بەگوێرەی ڕێنمایی و ڕێکارە پەسەندکراوەکان.