زنجیرە درامایەک لەسەر مەستورەی ئەردەڵانی دروست دەکرێت

وابڕیارە لە شاری سنە، لە زێدی مەستورەی ئەردەڵانەوە، زنجیرە درامایەک لەسەر ژیان و نووسین و شیعرەکانی مەستورەی ئەردەڵانی دروستبکرێت.

بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە، لەکاتی ئامادەبوونی لە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی شاری مەریوان ڕایگەیاند، “هونەرمەندان و فیلمسازان کارەکانی زنجیرە درامای مەستورەی ئەردەڵانی-یان تەواوکردووە و لەگەڵ ئەوەش زنجیرە درامایەکی دیکەش لەبارەی مێژووی خەڵکی سنەوە دروستدەکرێت”.

بە وتەی پارێزگاری سنە، ئەو دوو زنجیرە درامایە بەناوەکانی “سەنجر خان و مەستورەی کوردستانی 60 ملیار تمەنیان بۆ دانراوە و بەرهەمدەهێنرێن”.

مورادنیا ڕاشیگەیاندووە، “ماوەی ساڵێکە زنجیرە درامای سەنجر خان کاری وێنەگرتنی دەستیپێکردووە و ئێستا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە”.

زنجیرە درامای سەنجر خان، باس لە قۆناغێکی مێژووی کوردەکانی سنە دەکات، کاتێک ڕوسەکان بەشێک لە ئێرانیان داگیرکرد و کوردەکان ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە بوونەوە.

پارێزگاری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، “ئێمە دڵنیاین زنجیرە درامای سەنجر خان تەنها لە پارێزگای سنە نامێنێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش خواستی لەسەر دەبێت”.

مەستورەی ئەردەڵانی، شاعیر و مێژوونووسی کورد، لە ساڵی 1804 لە بنەماڵەی قادرییەکانی سنە لەدایکبووە و ماوەی 48 ساڵ ژیاوە، لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەوەی باوکی خستبوویە بەر خوێندن، خوێندەواریی هەبوو، چەندین شیعر و نامیلکەی نووسیوە.

مەستورەی ئەردەڵانی، ناسناوێک بووە بۆ ئەو، چونکە خۆی ناوی “ماه ئەشرەف خانم” بووە و بەهۆی چەند ڕووداوێکەوە مەستورە دەچێتە شاری سلێمانی و دوای مردنیشی هەر لە سلێمانی دەنێژرێت و لەساڵی 2013دا گۆڕەکەی لە سلێمانی دەستنیشانکرا.

بابەتی پێشتر

پسپۆڕان: هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ بەهۆی ڤاکسینەوە لەنەوجەواناندا مەترسیدار نییە

بابەتی دواتر

وەزارەتی کارەبا لەبارەی پەیوەندی پێوەری زیرەک و ئاگرکەوتنەوە ڕوونکردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەو خوێندکارانەی فۆرمی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن لە کۆلیژەکانی بەھرەداران کردووە ئاگاداردەکرێنەوە

وەزارەتی پەروەردە ئەو خوێندکارانەی فۆرمی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن لە کۆلیژەکانی بەھرەداران کردووە لەبارەی کات و شوێنی تاقیکردنەوەکان…
Total
0
Share