بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری وزە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت فەرمانێکی دەرکردووە بۆ دیاریکردنی تەنیا نرخی بەنزینی نۆرماڵی حکومی و بازرگانی، بەڵام ئەم بڕیارە سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی کارگێڕییەوە تێبینیی لەسەر ھەیە، لە ڕووی ھونەریشەوە ئەم تێبینییانەی لەسەرە:
1- حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی ڕایگەیاندووە ڕۆژانە تەنیا توانای بەرھەمھێنانی یەک ملیۆن و 500 ھەزار بەرمیلی ھەیە، نەوتی خاوی زیاتری نییە تا بەرھەمھێنانی بەنزین زیادبکات، ئیتر چۆن دەتوانێت خواستی بازار پڕبکاتەوە و ھاوڵاتی لە قەیرانی بەنزین ڕزگاربکات؟
2- تەنیا نرخ بۆ بەنزینی نۆرماڵ دیاریکراوە، ئاماژە بەوەکراوە کە نابێت بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە 850 دینار زیاتر بێت، ئەگەرنا سەرپێچیکار توشی سزا دەبێت!
باشە حکومەتی ھەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت نرخ بۆ کەرتی تایبەت دیاریبکات، لەکاتێکدا حکومەت ھیچ پشتیوانییەکی کەرتەکە ناکات، ئینجا ئەم بڕیارە ئەگەر جێبەجێبکرێت، کارەساتێکی دیکە بۆ ھاوڵاتی دروستدەکات، ئەویش وادەکات کە خاوەن بەنزینخانەکان واز لە فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵ بھێنن تەنیا جۆرەکانی موحەسەن و سوپەر بە نرخی گران بفرۆشن، چونکە نرخی ئەو دوو جۆرە ئازادە ھەرچەند بێت، چونکە لە بڕیارەکەدا باس نەکراون.
واتە ئەم بڕیارەی حکومەت نەک کێشەکە چارەسەرناکات، بەڵکو لەسەر ھاوڵاتی قورستری دەکات.