نێچیرڤان بارزانی: رێگانادەین هەرێمی کوردستان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا کە لە دیداری سلێمانی پێشکەشیکرد رایگەیاند، رێگانادەین هەرێمی کوردستان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک، هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە هاوبەشی ئابووری نێوانمان زیاتربکەین.

نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا کە لە دیداری سلێمانی پێشکەشیکرد رایگەیاند، شەڕ و گرژی و توندی رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتووەتەوە، مەترسییەکی زۆر لەسەر ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە و خراپتربوونی دۆخەکە هەیە، بۆ ئەوەی لەو لێکەوتە خراپانە دووربکەوینەوە پێویستە گفتوگۆ دەستپێبکەین و رێکەوتنی هاوسەنگ ئەنجامبدەین ئەمەش ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی زیاترکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەیە، ئێمە بە گفتوگۆی ئاشتی و هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نموونەی جوانی گەشەکردنی هاوبەشمان دروستکردووە، دڵنیام بە پرۆژەکانی داهاتوو ئەو پێشکەوتنانە زیاتر دەکەین، رێگانادەین هەرێمی کوردستان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک، هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە هاوبەشی ئابووری نێوانمان زیاتربکەین.

باسیلەوەشکرد، کاروانی دیموکراتی و ئاوەدانکردنەوە لە هەرێم لە ساڵی 1991 دەستیپێکردووە، دەیان وڵات کۆبوونەوە بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس چوونکە مایەی هەڕەشەبوو بۆ سەر گەلەکەی و وڵاتانی دراوسێ، ئێمە لەپاڵ ئەم رژێمە ئەزمونێکی گەورەمان لە ئاوەدانکردنەوە و دیموکراسی دروستکرد، پردی هاوبەشیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دروستکرد، دوای گەورەترین هەڵمەتەکانی جینۆساید بڕوامان وابوو ئاشتی رێگەی پێشکەوتنی وڵاتە نەک شەڕ.

نێچیرڤان بارزانی جەختیکردەوە، کە ئەزموونی هەرێم سەرکەوت، هەموو ئازادیخوازانی عێراق سەرکەوتن، کاتێک ئێمە بەهێزبووین هەموو عێراقییەکان بەهێزبوون، هەرێم بووە بنکەی یەکگرتن و سەرکەوتنی هەموو ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بەسەر رژێمی پێشوودا، دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا هاوکارمان بوون بە تایبەت ئێران و تورکیا.

لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، عێراقی بەهێز پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانی بەهێزەوە، هەرێمی کوردستانی بەهێزیش پەیوەستە بە عێراقێکی فیدڕاڵی بەهێزەوە.

 

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: سبەینێ زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم سەرو 30 پلەی سیلیزی دەبن

بابەتی دواتر

دیارترین ئەو کەسایەتییانەی لە دیداری سلێمانی بەشدارن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share