بێستون فایەق ئاشکرایدەکات، یەکێتی یەکێک لە دوو سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانی دەوێت.
بێستون فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ لە بنەڕەتدا جێبەجێکراوە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداد پابەندبوون بە دەنگدان بە کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق، بۆیە یەکێتی و کاک بافڵیش پابەندبوون کە یەکێک لە وەزارەتەکان لە عێراق بدەنە نەوەی نوێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان دوو سەرۆکایەتی هەیە، سەرۆکایەتیی حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، یەکێتی بە ڕەسمی وتوویەتی کە یەکێک لەو دوو سەرۆکایەتییەی دەوێت.
باسی لەوەشکرد، یەکێتی چەند جارێک نیەتی پێکهێنانی حکومەتی خستەڕوو، بەڵام پارتی نەهاتە پێشەوە و ئێستا لە پێکهێنانی حکومەت گەیشتووینەتە خاڵی سفر، چونکە پارتی لە مەسەلەی شەراکەت تێناگات.