وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر ڕایگەیاند، نێردەی شوێنەواری ئیسپانی، سەر بە زانکۆی بەرشەلۆنە و پەیمانگەی ڕۆژهەڵات، گۆڕێکی سەردەمی ڕۆمانییان لە ناوچەی بەهەنسا لە پارێزگای مینیای میسر دۆزیوەتەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، کارەکانی هەڵکۆڵین بوونەتە هۆی دۆزینەوەی ژمارەیەک مۆمیاکراو کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانی و هەندێکیان بە پەڕۆی نەخشێندراو بە شێوەی ئەندازەیی پێچراونەتەوە، لەگەڵ تابووتی دارین و سێ زمانی زێڕین و یەکێکی دیکەی مسین، جگە لە هەبوونی بەڵگە لەسەر بەکارهێنانی پەڕەی زێڕ لەسەر هەندێک لە مۆمیاکان.
شەریف فەتحی، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر، جەختی کردەوە کە ئەم دۆزینەوەیە دەخرێتە سەر زنجیرەی ئەو دۆزینەوە شوێنەوارییە گرنگانەی لەم دواییانەدا لە پارێزگای مینیا تۆمارکراون و ڕەنگدانەوەی دەوڵەمەندی و هەمەجۆریی شارستانییەتی میسرە لە چاخە جیاوازەکاندا.
لە لایەکی دیکەوە، هیشام لەیسی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای شوێنەوار ڕایگەیاند، ئەم دۆزینەوەیە دیدگای نوێ دەربارەی نەریتەکانی نێژران لە ناوچەی بەهەنسا لە سەردەمی یۆنانی و ڕۆمانیدا دەخاتە ڕوو.
ئاماژەی بەوەش کرد کە نێردەکە سەرکەوتوو بووە لە دۆزینەوەی بەردەنووسێکی دەگمەن لە ناو یەکێک لە مۆمیاکاندا، کە دەقێکی کتێبی دووەمی ئیلیادەی شاعیر هۆمیرۆسی تێدایە، ئەو بەشەی کە وەسفی بەشداربووانی هەڵمەتی یۆنانییەکان دەکات دژی تەڕوادە و بە “فهرستی کەشتییەکان” ناسراوە، ئەمەش ڕەهەندێکی ئەدەبی و مێژوویی گرنگ بۆ شوێنەکە زیاددەکات.