لە ئەمریکا سەگێکی رۆبۆت لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکدا هاوکاریی پۆلیس دەکات

رۆبۆتێکی سەگ لە ویلایەتی ماساشوستسی ئەمریکا لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکدا هاوکاریی پۆلیس دەکات.

سەگە رۆبۆتەکە ناوی رۆسکۆ-یە و بەشداری لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا کرد بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە لە باڵەخانەیەکدا خۆی شاردبووەوە.

ئەو سەگە رۆبۆتە پێش پۆلیسەکان بەرەو تۆمەتبارەکە رۆیشت و  دەرگای پشتەوەی باڵەخانەکەی کردەوە، وێنەی تۆمەتبارەکەی لە کامێرای ڤیدیۆییەوە بۆ پۆلیس گواستەوە، تۆمەتبارەکە بە بینینی رۆبۆتەکە دەستی بە راکردن کرد، بەڵام رۆسکۆ بەدوایدا رایکرد بۆ نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکی هەواڵیدا رایگەیاندووە، “کاتێک تۆمەتبارەکە بە سەرسوڕمانەوە زانیویەتی رۆبۆتەکە لە پشتیەوەیە لەسەر پلیکانەکان، دەمانچەکەی ئاراستە کردووە و چەند گولەیەکی پێوەناوە”.

لە بەیاننامەکەی پۆلیسدا هاتووە، تۆمەتبارەکە سێ گولەی بە رۆبۆتەکەوە ناوە، دواتر پۆلیس بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ دەستگیریانکرد.

پۆلیس ئاماژەی بەوەکردووە، رۆسکۆ بۆ ئۆپەراسیۆنەکە پێویست بووە و ئەرکەکەی بە باشی بە ئەنجامگەیاندووە.

بابەتی پێشتر

شۆفێرێک سزای سێ رۆژ کاری ژینگەپارێزیی بەسەردا سەپێندرا

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share