سیستمی C-RAMی (دژە مووشەک) تۆڕ و سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی تایبەتە کە بۆ دەستنیشانکردن و تێکشکاندنی هەڕەشە نزیک مەوداکان دروستکراوە، پێش ئەوەی هەڕەشەکان بگەنە ئامانجەکانیان.
سیستمی C-RAM چییە؟
سیستمەکە تەنیا چەکێک نییە، بەڵکو کۆمەڵێک سیستمی پێکەوە بەستراوە کە ڕادار، هەستەوەر (Sensors) و وەشاندنی خێرا بەکاردێنێت، ناسراوترین بەشی C RAM بریتییە لە، سیستمی LPWM کە وەک قوبەیەکی سپی و لولەیەکی درێژ دەردەکەوێت.
چۆنیەتیی کارکردن: ڕادارەکان مووشەک لە ئاسماندا دەبینن و تێبینی دەکەن، ئەگەر سیستمەکە بزانێت و درک بەوە بکات کە ئەو تەقەمەنییە لە ناوچەیەکی پارێزراو دەدات، ئەوا لە یەک خولەکدا 4 هەزار و 500 گولە یان فیشەک دەتەقێنێت بۆ ئەوەی هەڕەشەکە، جا هەرچییەک بێت، لە ئاسماندا پارچەپارچە بکات و نەیهێڵێت.
زەنگی ئاگادارکردنەوە: یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە دەتوانێت پێشبینی شوێنی کەوتنی مووشەکە بکات و دەنگی “Incoming!” لێبدات، ئەمەش پێنج بۆ 15 چرکە بە سەربازەکان دەدات تا خۆیان بشارنەوە.
خاڵی سەلامەتی: ئەو فیشەکانەی دەیانتەقێنێت، ئەگەر لە ئامانجەکە نەدەن، لە ئاسماندا خۆیان دەتەقنەوە، بۆ ئەوەی نەکەونە خوارەوە و زیان بە خەڵک نەگەیەنن.
گرنگی ئەم سیستمە لە شەڕی ئێراندا: لەناو ململانێ و گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، C-RAM لە ئامرازێکی سادەوە بووە بە پێویستییەکی گرنگ و ستراتیجی:
– سیستمەکە لە جەنگی 12 ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو و جەنگی ئەمساڵیش، پاراستنی ناوەندە دیپلۆماسی و سەربازییەکان، ڕۆڵێکی یەکجار گرنگی هەبوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، لە هێرشەکانی کۆتایی 2025 و سەرەتای 2026، سیستمی C-RAM هۆکاری سەرەکی بوو بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداD و بنکە سەربازییەکانی دیکە لە بەرامبەر درۆنەکان و مووشەکەکان. ئەگەر ئەم سیستمە نەبوایە، زیانێکی زۆر گەورە بە باڵەخانە و هەندێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەوت.
– ڕووبەڕووبوونەوەی ستراتیجیی سەرقاڵکردن:
ستراتیجی سەربازیی ئێران پشت بە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە درۆن و مووشەک دەبەستێت، بۆ ئەوەی سیستەمە بەرگرییە گرانبەهاکاین (وەک پاتریۆت) سەرقاڵبکات، تێیانپەڕێنێت، پاشان تەقەمەنییان لێببڕێت.
تێچووی کەم: مووشەکی پاتریۆت ملیۆنان دۆلاری تێدەچێت، بەڵام فیشەکەکانی C-RAM هەرزانن و تێچوویان کەمە، ئەمەش ڕێگە بە سەرباز و هێزەکانی ئەمریکا دەدات بۆ ماوەیەکی درێژتر خۆیان ڕابگرن.
بەرگری لە بەرامبەر درۆنەکان: بۆ ئەو درۆنانەی کە خاو دەڕۆن (وەک شاهید)، C-RAM کاریگەرترین ڕێگەیە بۆ خستنەخوارەوەیان.
– پاراستنی دەروونی: ئامانجی ئەم جۆرە هێرشانە زۆرجار دروستکردنی ترس و دڵەراوکێیە. کاتێک C-RAM دەتوانێت زۆربەی مووشەکەکان لە ئاسماندا تێکبشکێنێت، ناهێڵێت ئەو زەبرە دەروونییەی کە هێرشبەرەکان دەیانەوێت دروست بێت، هەروەها سەرباز و کارمەندەکان هەست بە ئارامی زیاتر دەکەن.