کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ بەفر و بارانبارین لە ناوچەکانمان بەردەوامدەبن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی بەردەوام هەور دەبێت، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکەمان کردووە بەردەوامدەبێت.
دەشڵێت، باران بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت لەسەر سەرجەمی ناوچەکەمان لە هەندێک کاتدا، سنووری باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک دابارینی زیاتر دەبێت هەندێک کات بارانی بە لێزمە و هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت، بە گشتی لەکاتی باران هەندێک ناوچە هەورەبروسکەی دەبێت، بەفربارین لەسەر ناوچە سنوورییە شاخاوییەکان دەبێت، پلەی گەرمی کەمێک بەرزدەبێتەوە.
ئەوەش دەڵێت، سبەىنێ چوارشەممە ناجێگیریی لە کەشی ناوچەکەمان بەردەوامیی دەبێت ئاسمان بەردەوام هەور دەبێت، بارانبارین بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ دەبێت لە زۆربەی ناوچەکەمان ئیدارەی راپەڕین و بەشێک لە سنووری ئیدارەی سۆران بارانبارینی بە لێزمەی دەبێت لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکە و لە ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت.