لیندسی گراهام؛ هاواری سیناتۆرێکی ئەمریکا بۆ کورد

لە کۆتایی مانگی یەکدا، لەکاتێکدا حکومەتی دیمەشق لە گەرمەی هەڵمەتێکی سەربازیدا بوو دژی کورد و هێزە کوردییەکان لە رۆژئاڤا، سیناتۆرێکی دیاری ئەمریکا لەسەر دۆخی کورد هاتەدەنگ و بە هەموو شێوازێک پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی کورد دووپاتکردەوە.

لیندسی گراهام و ریچارد بلومێنتاڵ، سیناتۆری ئەمریکا، پڕۆژەیاسایەکیان بەناوی “پاراستنی کوردان”، ناساند؛ ئامانج لەم پڕۆژەیاسایە بۆ پاراستنی کورد و هێزە کوردییەکانە لە سوریا.

کاتێک سەربازانی سەر بە حکومەتی سوریا و ئەو هۆزانەی دژی کورد وەستانەوە، پەلاماری هێزەکانی سوریای دیموکراتیان دا، خودی گراهام چەندینجار داوای لە ئیدارەی ئەمریکا کرد، هاوپەیمانەکانی لە سوریا [کە مەبەستی کوردەکان بوو] بپارێزێت و نەهێڵێت زیانیان بەربکەوێت.

رۆژنامەی The New Region دەڵێت، ئەم فشارانەی لیندسی گراهام و کۆمەڵێک پارێزەری ئەمریکی، شانبەشانی پشتگیریی بەشێک لە وڵاتانی جیهان و هەوڵە بەردەوامەکانی کورد بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی، یارمەتیدەر بوون لەوەی دەرئەنجامی دۆخەکە، کۆتاییهاتن بێت بە مەترسی لەسەر پێگەی کورد لە سوریا.

پڕۆژەیاساکە باس لە چی دەکات؟

پڕۆژەیاساکەی لیندسی گراهام لە 39 لاپەڕە پێکهاتووە و تایبەتە بە کوردانی رۆژئاڤا، بەتایبەتیتریش پەیوەندیی بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـوە هەیە؛ لە بەشی سێیەمی پڕۆژەیاساکەدا، هەسەدە بە “هاوبەشێکی متمانەپێکراو و تۆکمە لە رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش” وەسفکراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، کە “هەر رەفتارێک لەلایەن حکومەتی سوریا یان وڵاتانی ناوچەکە کە رۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن کوردەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێکبدات، لەگەڵ ئامانجە ئەمنییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا یەکناگرێتەوە”.

لەسەر ئەم بنەمایە، پڕۆژەیاساکە کۆمەڵێک سزا و رێوشوێن دەخاتەڕوو، کە ئامانج لێیان، رێگریکردنە لە هێرشی زیاتر بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و کورد؛ لە هەمان کاتدا تێیدا بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا داوای سەپاندنی سزا بەسەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا، وەزیرەکانی حکومەتی سوریا و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دەکات، لە ئەگەری پەسەندکردنی یاساکەدا. سەرەڕای ئەوەی دەکرێت ئەم جۆرە بڕگانە لە کاتی پڕۆسەی یاساداناندا نەرمتر بکرێن، بەڵام خستنەڕوویان ئاماژەیە بۆ ئامادەیی بەشێک لە سیناتۆر و یاسادانەرەکانی ئەمریکا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتانەی کە پێگەی کورد لە سوریا، دەخەنە مەترسییەوە.

لە بەشی کۆتایی پڕۆژەیاساکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو، “ناتوانرێت هیچ بڕگەیەکی ئەم یاسایە بەکاربهێندرێت، وەک رێگەپێدانێک بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و توندوتیژی”، ئەمەش، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پڕۆژەیاساکە وەک ئامرازێک بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی سەربازیی خراوەتەڕوو، نەک هۆکارێک بۆ دەستتێوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا.

ئایا پڕۆژەیاساکە بە رەسمی دەبێتە یاسا؟

بەپێی رۆژنامەی The New Region، پڕۆژەیاسای پاراستنی کورد، لە قۆناغی سەرەتایدا ماوەتەوە، هێشتا بە رەسمی پێشکەشی کۆنگرێس نەکراوە و تەنیا ناسێندراوە؛ بۆ بوونە یاساشی، پێویستە بەم هەنگاوانەدا تێبپەڕێت:

1- دەبێت سەرەتا ژمارە وەربگرێت.

2- ئاراستەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران بکرێت و لەوێ گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

3- پاش دەرچوونی لە گفتوگۆی ئەو لیژنەیە، ئاراستەی ئەنجومەنی پیران دەکرێت و لەوێ دەنگی لەسەردەدرێت.

4- ئەگەر پەسەندکرا، دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و لەوێش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.

5- کۆتا قۆناغ، ئەگەر لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەندکرا، دەنێردرێت بۆ کۆشکی سپی و بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە واژووی لەسەر بکات.

6- پاش واژووکردنی لەلایەن ترەمپەوە، دەنێردرێتەوە بۆ کۆنگرێس، ئەگەر لەوێ دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی هێنا، دەبێت بە یاسا و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆ ئێستا کە دۆخەکە ئارامە، پڕۆژەیاساکە چی بەسەردێت؟

بەپێی ئەوەی پڕۆژەیاساکە لەژێر رۆشنایی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی سوریا داڕێژراوە و پەیوەندیدارە بە هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر کورد، رۆژنامەی The New Region دەڵێت، رەنگە ئەندامانی کۆنگرێس دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە نەدەن، بەوپێیەی ئێستا شەڕی بەرفراوان لە نێوان هێزەکانی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا وەستاون؛ رەنگە ئەندامانی کۆنگرێس بڵێن، ئەو ساتەوەختە تێپەڕیوە و پێویست بەوە ناکات یاسای لەم شێوەیە تێبپەڕێندرێت، بەڵام لە هەر بارودۆخێکدا بێت، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکان هەیە، بۆیە گراهام سوورە لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: دوای ھەفتەیەکی تر لە سلێمانی ڕۆژانە 30 بۆ 35 کەس گیانلە دەستدەدەن

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت،لە نەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ، سەرجەم نەشتەرگەرییە ساردەکان ڕاگیراوە، دوای ھەفتەیەکی تر لە سلێمانی ڕۆژانە 30…
Total
0
Share