وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەندێک کەناڵ و پەیجی سۆشیاڵ میدیا چەواشەکاریی دەکەن و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی سوتەمەنی نەبووەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرایدەکات، “هەرێم رووبەڕووی قەیرانی سوتەمەنی نەبووەتەوە، هەندێ كەناڵ و پەیجەکانی سۆشیال میدیا، پرسی راستگۆیی و پیشەیی بۆ بانگەشەی راگەیاندن بەكاردەهێنن و دەیانەوێت بە بڵاوکردنەوەی چەواشەكاری، بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە کۆتا هەوڵیاندا، دیدارێكی كەمال محمد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە یەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەسەرچاوەكەی بدەن، بابەتەكەیان بڵاوكردووەتەوە و لە مانشێتی بابەتەكەدا باسیان لە قەیرانی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان کردووە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “وەزیری سامانە سروشتییەكان تەنیا باسی لەوە کردووە كە پشكی هەرێم بۆ ناوخۆ كەمە و وەزارەت هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو بەنزین و سوتەمەنی زیاتر دابینبكات، بە هیچ شێوەیەک باسی قەیرانی سوتەمەنی نەكردووە، بەڵام ئەوان باسیان لە قەیرانی بەنزین و سوتەمەنی کردووە، لە كاتێكدا بە هیچ شێوەیەک هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی بەنزین و سوتەمەنی نەبووەتەوە و نابێتەوە”.