قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە دكتۆر عەقیل موفتن، سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی وەرزش لە كوردستان و عێراق تاوتوێكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی شەممە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان كردەوە لەسەر پێویستیی كاری هاوبەش بۆ بە پیشەییكردنی وەرزش و هاندانی كەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی وەرزش.

سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك بۆ پەرەپێدانی وەرزش لە هەرێم و پارێزگای سلێمانی و بە تایبەتیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی و لەسەر داوای جێگری سەرۆك وەزیران بڕیاردرا لە ماوەیەكی نزیكدا لقی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق لە پارێزگای هەڵەبجە بكرێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستیی پەرەپێدانی وەرزشی ژنان كرا و لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق رایگەیاند، بڕیاریان داوە سلێمانی وەك پایتەختی وەرزشیی ژنان لە عێراق دەستنیشان بكەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share