بۆنی باران لە چییەوە دروستدەبێت؟

بۆنی باران، ئەو بۆنە تایبەتەیە کە زۆرجار لە کاتی بارانبارین یان دوای بارانبارین، بە تایبەتی کاتێک باران بەسەر خاکی وشکدا دەبارێت، هەستی پێ دەکرێت، ئەم بۆنە زۆرجار هەستی ئارامی و تازەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت.

ئەم بۆنە لە ڕووی زانستییەوە پێی دەوترێت پێتریچۆر Petrichor، بەڵام ئایا هەرگیز بیرمان کردووەتەوە کە ئەم بۆنە لە کوێوە دێت و چۆن دروستدەبێت؟

هۆکارە زانستییەکانی دروستبوونی بۆنی باران:

بۆنی باران تەنیا لە یەک ماددەوە دروست نابێت، بەڵکو چەند هۆکارێکی سروشتیی هەیە:

یەکەم: ماددەی جیۆسمین (Geosmin)

جیۆسمین ماددەیەکی کیمیاییە کە لەلایەن جۆرێک لە بەکتریای خاکەوە دروستدەبێت؛ ئەم ماددەیە بۆنێکی تایبەتی خاکی تەڕی هەیە و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بۆنی زەویی دوای باران.

دووەم: ڕۆنی ڕووەکەکان

لە کاتی وشکەساڵی و بێبارانیدا، هەندێک ڕووەک ماددەی ڕۆنی سروشتی لەسەر گەڵا و خاک کۆدەکەنەوە، کاتێک باران دەبارێت، ئەم ماددانە لەگەڵ ماددەکانی دیکە تێکەڵ دەبن و بەشێک لە بۆنی تایبەتی باران پێکدەهێنن.

سێیەم: شەپۆلە بچووکەکانی هەوا

کاتێک دڵۆپەکانی باران دەکەونە سەر خاک، دەتوانن هەڵم و وردە دڵۆپەی بچووک دروستبکەن؛ ئەم دڵۆپانە ماددە بۆنهەڵگرەکان لە خاکەوە بەرەو هەوا دەگوازنەوە و وایان لێ دەکەن، بۆنەکە زیاتر هەستپێبکرێت.

بۆچی بۆنی باران هەستێکی خۆش دروستدەکات؟

بۆنی باران بۆ زۆر کەس پەیوەندیی بە یادەوەرییە خۆشەکان، وەرزی بەهار و پاییز، سروشت و ئارامییەوە هەیە، هەروەها مێشک دەتوانێت لەنێوان بۆن و یادەوەرییە کۆنەکاندا، پەیوەندی دروستبکات، بۆیە هەندێک کەس کاتێک بۆنی خاکی تەڕ دەکەن، بیر لە منداڵی، ماڵەوە یان ساتە خۆشەکانی ژیانیان دەکەنەوە.

بەڵام ئەوەی هەموو کەس بە هەمان شێوە هەستی پێبکات، مەرج نییە؛ چونکە هەستکردن بە بۆن و وەڵامی مرۆڤ بۆی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share