دوای بڕیارەکەی سعودیە لەبارەی ڕێگەپێدان بۆ حەجی ئەمساڵ حەج و عومرەی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات

 

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیاری سعودیە بە ڕێگەنەدان بە هەندێک کەس بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی حەج ڕایگەیاند، هەرکەسێک ڕێگەپێدانی نەبێت ناتوانێت بەشداریبکات و بڕیارەکەش هەموو جیهان دەگرێتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا شێخ نیاز نەقشبەندی بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ساڵانە ڕێگەپێدان بۆ ژمارەیەک لە مسوڵمانانی جیهان دەکرێت بەپێی ئەو ژمارە حاجییەی سعودیە دیاریدەکات، بەمەبەستی بەجێهێنانی ڕێوڕەسمی حەج.

وتیشی، ڕێگەپێدانەکە پەیوەندیی بە ڤیزای سعودیەوە نییە بەڵکو ڕێگەپێدانێکی تایبەتە بە وەرزی حەج، واتە ئەگەر کەسێک ڤیزای سعودیەشی هەبێت بەڵام ڕێگەپێدانی نەبێت ناتوانێت ڕێوڕەسمی حەج جێبەجێبکات، ئەم ڕێکارە ساڵانی پێشووش هەبووە بەڵام ئەمساڵ سعودیە زیاتر جەختی لێکردووەتەوە.

دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێنمایی نوێیان بۆ وەرزی حەجكردنی ئەمساڵ بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاند، هیچ كەسێك بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، ناتوانێت حەجبكات.

بەپێی ڕێنماییەكان، ئەوانەی دەیانەوێت فەریزەی حەج بەجێبهێنن، پێویستە مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیداری سعودیە وەربگرن، بە پێچەوانەوە ڕێگەیان پێنادرێت حەجبكەن تەنانەت ئەگەر مافی مانەوەشیان لە سعودیە وەرگرتبێت.

بەرپرسەکەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ ڕێگەپێدان بۆ دوو هەزار و 120 کەس لە هەرێم کراوە بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، دوای جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا دەتوانن فەریزەی حەج بەجێبهێنن.

بابەتی پێشتر

توركیا ئاماری سەربازە كوژراوەكانی لە ماوەی سێ ڕۆژدا ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share