شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، هەورەبروسکە و تاوەبارانی بەخوڕ بەردەوامییان دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەریی ئەو حاڵەتە ناجێگیرییەی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکانمان، بۆ ئەمشەو هەورەبروسکە و تاوەبارانی بەخوڕ لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا بەردەوامدەبن و بۆ سبەی شەممە، 3ـی 10ـی 2026، کاریگەرییەکانی بەگشتی لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکوک نامێنێت، کەش لەو ناوچانەدا جێگیر دەبێتەوە و لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و سۆران، هەورەبروسکەی بەهێز و تاوەبارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ لە هەندێک کاتدا چالاک دەبێتەوە و بەگشتی کاتەکانی ئێوارە لەو ناوچانەشدا کۆتایی پێدێت، پلەی گەرماش بە جێگیری دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 5ـی 10ـی 2026، کەش جێگیر دەبێت و پلەی گەرماش کەمێک بەرزدەبێتەوە و لە ڕۆژی سێشەممەوە 6ـی 10، حاڵەتێکی دیکەی ناجێگیریی کەش و بەرگەهەوا لە ناوچەکەدا دەستپێدەکاتەوە.