ڕێكخراوێكی تایبەت بە ئاوارە و كۆچبەران دەڵێت، لەماوەی دوو هەفتەدا 11 حاڵەتی خۆكوژی لە كەمپی ئێزدییەكاندا ڕویداوە و سەرۆكی ڕێكخراوەكەش دەڵێت، خۆكوژی لەنێو ئەو ئاوارانەدا زیادیكردووە.
ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەپێی بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگاكەیان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردودا 11 حاڵەتی خۆکوژی لە کەمپی ئێزدییەكاندا ڕویداوە.
وتیشی، “ڕێژەی خۆکوژی لە نێو پەنابەرە ئێزدییەکاندا زیادیکردووە”.
حاڵەتەكە زیاتر لەنێو گەنجاندا ڕەنگیداوەتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی گوزەران لە نێو کەمپەکانی هەرێم و نەبوونی هیوایەک بۆ داهاتوو و هەبوونی گیروگرفت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیاندا، وەك ئەوەی ئاری جەلال باسیكرد.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید-19 بارودۆخی ئاوارە ئێزدییەكان خراپتر بووە و، لەئێستادا پێویستییان بە هاوکاری و پاڵپشتی زیاترە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتەرخەم بووە.