پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلاری خەڵکی بردووە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، کە بەناوی کۆمپانیایەکی وەهمییەوە زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلاری خەڵکی بە فێڵ وەرگرتووە و نەیگەڕاندووەتەوە، پێشتریش لە شاری دهۆک هەمان تاوانی ئەنجامداوە.

هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی (ا. ا. م)ـە، تەمەنی 45 ساڵە، دانیشتووی شاری دهۆک بووە و ماوەی ساڵێکە هاتووەتە هەولێر.

بەپێی پۆلیسی هەولێر، ئەو کەسە کۆمپانیایەکی وەهمیی بەناوی  “ئەستێرەی دەریا بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانیی گشتی” لە گەڕەکی برایەتی لە شاری هەولێر داناوە و لەڕێگەیەوە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە.

تۆمەتبارەکە فێڵی لە هاوڵاتییان کردووە، پارەی لێوەرگرتوون و بە سوود بۆی گەڕاندوونەتەوە، پارەی بەشێکی کەم لەوکەسانەی گەڕاندووەتەوە کە لای بووە، بەڵام بەشی زۆری پارەی هاوڵاتییانی بردووە بەبێ ئەوەی بۆیان بگەڕێنێتەوە.

هۆگر عەزیز وتی، ئەو کەسە زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلاری خەڵکی بردووە، بەڵام دەبێت دادگا یەکلاییبکاتەوە کە ئەو بڕە پارەیە بە سوودەوە ئەوەندەیە یان بەبێ سوود.

ئاماژەی بەوەکرد، تۆمەتبارە زیاتر لە 15 سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، تەنها ئەمڕۆ سێ سکاڵای دیکەی لەسەر تۆمارکراوە.

باسی لەوەشکرد، ناوبراو پێشتریش پێشینەی تاوانی هەبووە، لە ساڵی 2012دا تاوانی هاوشێوەی ئەنجامداوە و لە شاری دهۆک ئەو کارەی کردووە.

بابەتی پێشتر

جومعە عناد: توركیا لیوایەكی لە زێلكان جێگیركردووە و هێزەكانی ناكشێنێتەوە.

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی بەها و ڕەسمی گومرگی كەمكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share