تورکیا بە هاوکاری گروپە چەکدارەکانی، هێز لەسەر سنوری کۆبانێ و ناوچە کوردییەکان کۆدەکاتەوە، و نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا دەکات ئارامی سوریا بپارێزرێت و جەنگ کۆتایی پێبهێندرێت.
میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، دوای گۆرانکارییە نوێیەکانی سوریا، پێشبینی دەکرێت ئاراستەی ململانێ و هێرشە سەربازییەکان گۆڕانکارییان بەرەو ناوچە کوردییەکان بەسەردابێت و تورکیا بەهەماهەنگی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی، خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی فراوان بۆسەر ناوچە کوردییەکان بەگشتی و کۆبانێ بەتایبەتی ئامادەبکات.
هاوکات، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند “هێزەکانییان پابەندی پاراستنی ئاگربەست دەبن لەناوچەکەدا” وە پێشنیاری دروستكردنی ناوچەیەكی لە چەك داماڵدراو لە شاری كۆبانی بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتیمانییان و دووبارە دابەشكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان لەژێر سەرپەرشتی و ئامادەیی ئەمریكادا دەکەین.
ئەنیلینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەپەیامێکدا رایگەیاند، کۆبانێ هێمای بەرگی ئازایانەی هاوڵاتییە کوردەکانە لە دژی د..اع..ش و لەدوای زیاتر لە 12 ساڵ لە قوربانیدان و جەنگی بەردەوام، نابێت چیتر نائارامی و جەنگ ژیانی خەڵکەکەی بشێوێنێت.
هەروەها، نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئەگەری رودانی گرژی لەناوچەکەدا رایگەیاند، بەتەواوەتی پاڵپشتی سوریایەکی ئارام و سەقامگیر دەکەین کە سەرجەم پێکهاتە و هاونیشتیمانییەکانی بەئارامی تیایدا بژین و دوربێت لە ململانێ و ئاڵۆزی.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای گۆرانکارییە سیاسییەکانی سوریا، تورکیا خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و لەنێویشیاندا کۆبانێ، ئامادەکردوە کە لەئێستادا بەشێکی زۆرییان لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنتڕۆڵکراوە.