دوای رووداوەکەی دوێنێ؛ ئەردۆغان داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کردووە

بڕیاروایە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی باڵای ئەمنی لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت لەبارەی کوژرانی ژمارەیەک سەربازی تورک لەهێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکیان لە هەرێمی کوردستان لە رۆژی هەینیدا.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەرەتا کوژرانی پێنج سەربازی وڵاتەکەی و برینداربوونی هەشت سەربازی راگەیاند، بەڵام دواتر ژمارەکان بەرزبوونەوە و بە گوێرەی دوائامار کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە، گوایە 9 سەربازی تورک کوژراون لە دوای هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانیان.

ئەو بنکە سەربازییەی تورکیا لە عێراق کە هێرشی کراوەتەسەر، دەکەوێتە ناوچەی مەتینا لەوپەڕی باکووری عێراق، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە، هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ئەنجامدراوە و وەزارەتی بەرگری باسی لەوەکردووە، گوایە 12 گەریلای پارتی کرێکاران گیانیانلەدەستداوە لە رووبەڕووبوونەوەکاندا، بەڵام ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە تا ئێستا بە فەرمی هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر ژمارەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا نەداوە، بەڵکو دەڵێت رووبەڕووبوونەوەکان تائێستاش بەردەوامییان هەیە.

نوسینگەی سەرۆکایەتیی تورکیا وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکە، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنی راگەیاندووە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان لە سەعات 2:30 خولەکدا و تێیدا هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و یەشار گولەر وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ عەلی یرلیکایا و ئیبراهیم کالین سەرۆکی دەزگای میتیش، لە کۆبوونەوەکە بەشداردەبن.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك ئەنجامدەدات

بابەتی دواتر

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجومەن لە تایوان دەستیپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share